هەواڵی کوردستان ئێستا

بلینکن داوا لە ئیسڕائیل دەکات یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە زیاتر بکات

بلینکن داوا لە ئیسڕائیل دەکات یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە زیاتر بکات
بلینکن داوا لە ئیسڕائیل دەکات یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە زیاتر بکات

2024-11-05 19:15:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانتدا قسەی کردووە و داوای لێکردووە کاری زیاتر بکات بۆ زیادکردنی بەرچاویی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززەدا. حکومەتی ئەمەریکا لە نامەیەکدا لە 13 ی مانگی 10 دا وتی ئیسڕائیل 30 ڕۆژی لە بەردەستدایە تاوەکو هەنگاوی دیاریکراو بگرێتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەوشە مرۆییە خراپەکەی ناو غەززەدا، کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن ئیسڕائیلەوە بۆردومان دەکرێت. کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکان و بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دۆخی مرۆیی لە غەززە زۆر خراپە و بەهۆی جەنگەکەوە سەرانسەری 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی ئاوارە بوون و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی برسێتی. هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی لە دادگای جیهاندا بانگەشەی ئەوە بکرێت کە ئیسڕائیل کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجام داوە، ئیسڕائیل ئەوە ڕەت دەکاتەوە. دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان بلینکن و گالانت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن " داوای کاری زیاتری کردووە بۆ زیادکردنی بەرچاویی یارمەتییە مرۆییەکان، بە خۆراک و دەرمان و پێداویستییە گرنگەکانی دیکەشەوە بۆ هاووڵاتیانی سڤیل لە سەرانسەری غەززەدا." وتیشی " وەزیر جەختی لە گرنگیی کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو غەززە و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان کردووەتەوە، هەروەها جەختی لە نەخشە ڕێگایەک کردووەتەوە بۆ دوای جەنگەکە کە ڕێگە بە فەلەستینییەکانی ناو غەززە بدات ژیانی خۆیان دروست بکەنەوە و ئاوەدانکردنەوە و فەرمانڕەوایی و ئاسایشیان بەرەوپێشەوە ببەن." لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەی حەماسدا 1200 کەس کوژراون و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیراون. ئەو هێرشەی حەماس بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا و بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی جەنگەکەوە زیاتر لە 43,000 فەلەستینی کوژراون، بە چەکدار و هاووڵاتیانی مەدەنیشەوە. ئیسڕائیل لە هەمان کاتیشدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە لوبنان ئەنجام دەدات و لەوێش زیاتر لە 3000 کەس کوژراون و زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی دیکە ئاوارەبوون. ئیسڕائیل دەڵێت چەکدارانی حزبوڵا لە لوبنان دەکاتە ئامانج. واشنتن سەرکۆنەی کوژرانی هاووڵاتیانی سڤیلی کردووە بەڵام بەردەوام بووە لە پشتیوانییەکانی بۆ ئیسڕائیلی هاوپەیمانی. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز