ئێران هاووڵاتییەکی جوو بە تاوانی کوشتن لە سێدارە دەدات
2024-11-05 20:10:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئێران هاووڵاتییەکی جووی لە سێدارەدا کە بە تۆمەتی کوشتنی پیاوێکی دیکە لە ساڵی 2022 دا تۆمەتبار کرابوو. ماڵپەڕی هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردەوە ئارڤین قەهرەمانی تەمەن 23 ساڵ لە سێدارە دراوە دوای ئەوەی دادگای باڵای ئێران لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا سزای مەرگی بەسەردا سەپاند. ماڵپەڕەکە لە زاری حەمید ڕەزا کەریمی دادوەری شاری کرمانشای ڕۆژئاوای ئێرانەوە بڵاویکردەوە دادگا و پارێزەرەکانی تاوانبارەکە و کەسوکارەکەی شکستییان هێناوە لە ڕازیکردنی خێزانی قوربانییەکەدا تاوەکو خۆیان بە دووربگرن لە " قیسەس " کە بەپێی یاسای ئیسلامی واتە هەر تاوانێکت بەرامبەر کرا دەتوانیت هەمان کار بەرامبەر تاوانبارەکە بکەیتەوە، " کوشتن بە کوشتن." بکوژەکە لە ماوەی دەمەقاڵەیەکدا لەگەڵ قوربانییەکەدا ئەو کارەی کردووە. ناوی قوربانییەکە ئاشکرا نەکراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، قەهرەمانی لە ساڵی 2022 دا لە کرمانشا لە دەرەوەی هۆڵێکی لەشجوانی هێرشی کردووەتە سەر قوربانییەکە و چەندین جار بە چەقۆ لێیداوە، ئەمەش دوابەدوای ناکۆکییەکییان لەسەر ئەو پارەیەی کە بکوژەکە بە قەرز داویەتی بە قوربانییەکە. هاووڵاتیانی جوو کەمینەن لە وڵاتە 85 ملیۆن دانیشتووەکەدا. لە ساڵی 1999 دا ئێران 13 جووی دەستگیر کرد و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسڕائیل تۆمەتباری کردن و سزای چوار ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندن. دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 دا، زۆرێک لە جووەکان لە ئێران هەڵاتن، بەپێی خەمڵاندنەکان، لە ئێستادا نزیکەی 20,000 جوو لە ئێران ماونەتەوە. موسوڵمانە شیعەکان زۆرینەی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن و دەسەڵاتە مەلاییەکەی ئێرانیش شێوازێکی توندتری ئیسلام پەیڕەو دەکات. سەرچاوە/ ئەسۆشیەتید پرێس