سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە ترامپ دەکەن
2024-11-06 19:20:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پاش ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممەدا، سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی جیهانی پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی ترامپ کرد. عەبدول لەتیف ڕەشید، سەرۆکی عێراق لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت " هیوای سەرکەوتن بۆ بەڕێزیان و ئیدارەکەی دەخوازین لە سەرکردایەتیکردنی ئەمریکا بەرەو پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر." هەروەها هیواداریشە " قۆناغێکی نوێ بێتەئاراوە کە ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەکەدا بێنێتەدی و پەیوەندییە بنیاتنەرەکان بەهێزبکات، بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندی و خواستی گەلان بکات." محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانیش پیرۆزبایی لە دانۆڵد ترامپ و جەی دی ڤانسی جێگری کردووە و دەڵێت " ئێمە پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەڵبژێردراو دۆناڵد ترەمپ و جێگرەكەی جەیمس دەیڤید ڤانس و گەلی ئەمریكا دەكەین بۆ سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان". سودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی عێراق بە "پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر بناغەكانی ڕێزگرتنی یەكتر و بەرژەوەندی هاوبەش." ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازیی لە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراقدا هەیە کە لە ساڵی 2014 دا پێکهێندرا. لەمانگی نۆی 2024 عێراق و ئەمەریکا ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەعێراق تا مانگی نۆی 2025 و گواستنەوە بۆ قۆناغی هاوبەشییەکی ئاسایشی دوولایەنە.