فەلەستینییەکان داوا لە ترامپ دەکەن کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت
2024-11-06 20:30:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
فەلەستینییەکان لە غەززە ڕۆژی چوارشەممە،6ی مانگی یازدە، داوا لە دانۆڵد ترامپ کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە دەکەن کۆتایی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بهێنێت کە بووەتە هۆی وێرانبوونی ناوچەکەیان و کوژرانی هەزران کەس. ئەو شەڕە کە بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو سەریهەڵدا، زیانێکی زۆری بە غەززە گەیاند و زۆربەی دانیشتووانەکەی بەهۆیەوە ئاوارە بووە و لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژین. مەمدوح ئەلجەدبا ئاوارەبووەیەکی شاری غەززە، بە ئاژانسی فرانس پرێس وت "ئاوارەبووین، کوژراین... هیچمان نەماوە، ئێمە ئاشتیمان دەوێت." ئەو پیاوە تەمەن 60 ساڵە دەڵێت "هیوادارم ترامپ چارەسەرێک بدۆزێتەوە، پێویستمان بە کەسێکی بەهێزی وەک ترامپ هەیە بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و ڕزگارمان بکات. سێ جار ئاوارەبووین، ماڵەکەم وێران بوو، منداڵەکانم لە باشوور بێ ماڵ و حاڵن، غەززە تەواو بووە." ئوم ئەحمەد حەرب، خەڵکی ناوچەی ئەلشەف لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە، ئەویش چاوەڕێی ترامپە کارێکیان بۆ بکات و وەک دەڵێت کۆتایی بە ئازارەکانی ئەو خەڵکە بهێنێت. دەشڵیت "ئێنشااللە شەڕەکە کۆتایی دێت، نەک لەبەر خاتری ئێمە بەڵکو لە پێناو منداڵە بچووکەکانمان کە بێتاوانن." لەلایەکی دیکەوە، لە کەناری ڕۆژئاوای ژێر دەسەڵاتی فەلەستینییەکان، زۆر کەس هەن نیگەرانن لە سەرکەوتنی ترامپ. سەمیر ئەبو جوندی تەمەن 60 ساڵ لە شاری ڕامەڵڵا دەڵێت "ترامپ لە هەندێک بڕیاردا تۆکمەیە، بەڵام ئەم بڕیارانە دەتوانێت لە ڕووی سیاسییەوە زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بکات وەک لەوەی خزمەت بە دۆزی فەڵەستینیەکان بکات." پیاوێکی دیکە کە تەنها بە نازناوەکەی خۆی ناساندووە، ڕایگەیاندووە، هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ ئەوەی باوەڕی بەوە هەبێت کە سەرکەوتنی ترامپ لە بەرژەوەندی فەلەستینییەکان بێت. ئەو فەلەستینییە کە لە ئۆرشەلیمەوە بە ئاژانسی فرانس پرێس قسەی کرد، هەروەها دەڵێت هەموو سەرۆکەکانی ئەمەریکا "لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدان". ئەمەریکا پشتیوانێکی سەرەکی سیاسی و سەربازی ئیسرائیلە و سەرەڕای گوشارەکانی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست، بەڵام پشتیوانییەکان لە شوێنی خۆیاندان. عیماد فەخیدە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لە شاری سەرەکی ڕامەڵڵای کەناری ڕۆژئاوا، باس لە مەترسییەکانی لە گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی دەکات و دەڵێت ئەو پشتیوانێکی تەواو و گەورەی ئیسرائیلە. ترامپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا باڵیۆزخانەی ئەمەریکای گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم و دانی بە سەروەری ئیسرائیلدا نا بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان و هەروەها یارمەتی دا لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێکی عەرەبی و بە ڕێکەوتننامەیەکی گەیاندن بە ناوی "ئیبراهیم". بەڵام ڕێککەوتنەکان لەلایەن سەرکردە فەلەستینییەکانەوە بە "خیانەت" ناو برا و سەرکۆنە کران. ترامپ لە ماوەی بانگەشەکانی سەرۆکایەتیدا بەڵێنی دا کۆتایی بە قەیرانە نێودەوڵەتییە توندەکان بهێنێت، تەنانەت ڕایگەیاند کە دەتوانێت "بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی شەڕەکان بوەستێنێت". ئەم جۆرە لێدوانانە بوو کە وەهایکرد لە غەززە هیوای وەستاندنی شەڕەکە بێتە ئاراوە. ئیبراهیم علیان، تەمەن 33 ساڵ، خەڵکی شاری غەززە دەڵێت "پێشبینی دەکەین ئاشتی بێت و شەڕەکە لەگەڵ هاتنی ترامپ کۆتایی پێبێت، چونکە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا ڕایگەیاندبوو کە ئاشتی دەوێت و داوای ڕاگرتنی شەڕەکانی سەر غەززە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد." سەرچاوە/AFP