هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ سێ کورد بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن" بۆ ئیسرائیل دەردەکات

ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ سێ کورد بە تۆمەتی
ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ سێ کورد بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن" بۆ ئیسرائیل دەردەکات

2024-11-06 21:40:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی "سیخوڕی" بۆ ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدان بۆ سێ کوردا دەردەکات. وتەبێژی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "هەشت کەس لە پێوەند بە "گواستنەوەی کەرەستەی تیرۆر" بۆ کوشتنی موحسین فەخریزادە دەستبەسەر کراون کە سێ کەس لەوانە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. بە وتەی ئەسغەر جەهانگیری، وتەبێژی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، "دۆسیەی تۆمەتبارانی دیکەش هێشتا کراوەیە" و ئاماژەی بە ناسنامەی ئەو کەسانەش نەکردووە. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵیکدا سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەرکردنی سزای لەسێدارەدانەکان نووسیوێتی "ئەو سێ کوردە بریتین لە ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت و ڕەسوول ئەحمەد محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی سلێمانی کە لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل" سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. بە پێی هەواڵەکەی ئەو ڕێکخراوەیە، ئەو سێ کوردە لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئەمن لە شاری ورمێ. ئەم سێ کەسە بۆ ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ورمێ خراونەتە ژیر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و دوای زیاتر لە 3 مانگ مۆڵەتیان پێ دراوە بە تەلەفۆن پێوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە بکەن. لێکۆڵەرە ئەمنییەکانی ئێران ئەو سێ کەسەیان تۆمەتبار کردووە بە "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" و "گواستنەوەی ئەو ئامێرانەی لە کوشتنی فەخریزادەدا بەکارهێنراون. ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی کە دوو کۆڵبەر بوون، لەگەڵ ڕەسوول ئەحمەد محەممەد، کاسبکاری خەڵکی سلێمانی کاریان کردووە و سەرەتا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەت کردووەتەوە، بەڵام دواتر لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار بوون دان بە تاوانباربوونی خۆیاندا بنێن. موحسین فەخریزادە، بەرپرسی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنانی وەزارەتی بەرگری ئێران بوو کە مانگی یازدەی ساڵی 2020 لە کرایە ئامانج و کوژرا. هەروەک لە هەواڵێکی ماڵپەڕی جۆیش کرۆنیکڵدا لەو کاتەدا بڵاویکردەوە فەخریزادە لە کاتی سەفەرکردن لەگەڵ هاوسەرەکەی و 12 پاسەوان، بە 13 گولە کوژراوە. نزیکەی 10 مانگ دوای کوژرانی موحسین فەخریزادە، بەرپرسی ئەوکاتی مۆساد بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی ئیسرائیلی لەو ئۆپراسیۆنەدا پشتڕاستکردەوە. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش ئەو کات باسی لە چۆنییەتی بەکارهێنانی ئەو چەکەی کردبوو کە لە کوشتنی فەخریزادەدا بەکارهاتبوو. ئەو ڕۆژنامەیە نووسیبووی ئەوە چەکێکی زیرەک بووە کە هەزاران کیلۆمەتر لە شوێنی کوشتنەکە دوو بووە و پارچەکانی ئەو چەکەش ئۆتۆماتیکییەش بە زیرەکی دەستکرد چالاک کراوە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوو ساڵ و نیو پێش کوشتنی فەخریزادە، ناوبراوی بە "باوکی بۆمبی ئەتۆمی ئێران" ناوبردبوو.