یاسایەک بۆ دەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی فەلەستینییە چەکدارەکان لە ئیسرائیل پەسەند دەکرێت
2024-11-07 17:25:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پەرلەمانی ئیسرائیل یاسایەک دەردەکات کە ڕێگە بە حکومەت دەدات ئەندامانی خێزانی ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل، دیپۆرتیان بکات بۆ کەرتی غەززە یان شوێنەکانی دیکە کە شەڕ وێرانی کردوون. ئەم یاسایە کە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، 7ی مانگی یازدە پەسەند کرا، ئەندامانی بنەماڵەی پلە یەکی ئەو کەسانەش کە ڕەگەزنامەی ئیسرائیلیشیان هەیە، دەگرێتەوە. یاساکە کە ئەندامانی پارتی لیکودی سەرۆکوەزیران، بنیامین ناتانیاهۆ و هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی پاڵپشتییان لێکردووە، بە دەنگی 61-41 پەسەندکراوە. بەڵام شارەزایانی یاسایی دەڵێن، هەر هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێدەچێت ببێتە هۆی ئەوەی لەلایەن دادگاکانی ئیسرائیلەوە لەکاربخرێت. بە پێی یاساکە، دوای ئەوەی گۆمان بکرێت لە پاڵپشتیکردنی ئەندامێکی بنەماڵەی ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە دەسەڵاتی ئەوی هەیە ئەو کەسە بە تۆمەتەکانی وەک ستایشکردن، هاوسۆزی یان هاندانی تیرۆر دەربکات و بڕیاری دەرکردنی کەسەکەش لە ماوەی 14 ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت. بەپێی بارودۆخەکە دەکرێت تۆمەتبار دیپۆرت بکرێتەوە بۆ کەرتی غەززە یان شوێنێکی تر بۆ ماوەی حەوت ساڵ تا 15ساڵ، بەڵام ئەگەر کەسی گۆمانلێکراو هاووڵاتی نەبێت و تەنها مافی مانەوەی بە شێوەی یاسایی هەبێت، ئەوا بۆ ماوەی 10 بۆ 20 ساڵ دیپۆرت دەکرێتەوە. لە ماوەی 13 مانگی شەڕی ئێستادا، ژمارەیەک ئیسرائیلی لە چەندین هێرشدا بە چەکی سارد یان گەرم لەلایەن فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا یان عەرەبەکانی خاوەن ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی کوژران. ژمارەیەک لە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە فەلەستینییەکان بوون، لەوانە ئەوانەی لە غەززە لەدایک بوون و دواتر لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی هاوسەرگیری لەگەڵ ئیسرائیلییەکی بە ڕەچەڵەک عەرەب یان هەبوونی پەیوەندی پلە یەک لەگەڵ فەلەستینییەکی هاووڵاتی ئیسرائیل، مافی مانەوە لەو وڵاتەیان پێبەخشراوە. سەرچاوە/AP