یەکەم کاردانەوەی سەرۆک کۆماری ئیران بەرامبەر بە سەرکەوتنی ترامپ
2024-11-07 21:40:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی پێنجشەممە 7ی مانگی یازدە لە وەڵامی پرسیاڕێکدا سەبارەت بە سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا وتی "بۆ ئیمە هەرگیز گرنگ نییە کێ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە." لەهەمان کاتیشدا ئاماژەی بەوەشکرد "ڕوانگەی داخراو و سنووردارمان نابێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا." لێدوانەکانی مەسعوود پزشکیان لە کاتێکدایە کە سزاکانی خولی پێشووی سەرۆکایەتی ترامپ فشارێکی ئابووری گەورەی خستە سەر هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەر کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێشتر بێزارییەکی زۆری بەرامبەر دانۆڵد ترامپ دەربڕیوە. هەروەها ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی مەجلیسی خێبرەگان باسی سەرکەوتنی ترامپی بە هیچ شێوەیەک نەکرد. لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند "هەڵبژاردنی دانۆڵد ترامپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بە هەڵەکاند لەلایەن ئەمەریکاوە". پێشتریش ڕۆژی چوارشەممە فاتمە موهاجیرانی، وتەبێژی حکوومەتی مەسعوود پزشکیان بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگ نییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کێ دەگاتە دەسەڵات. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان لە ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئیران لە بەشێک لە وتارەکانیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کۆماری ئیسلامی "ئەزموونی زۆر تاڵ"ی لە حکوومەتە جیاجیاکانی ئەمەریکا هەیە. بانگەشەکانی ناوبراو لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاووڵاتیانی ئەمەریکا هەنگاوی ناوە، لەوانە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران. جگە لەوەش حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی دانۆڵد ترامپ و چەند ئەندامێکی پلە باڵای ئەمەریکا تۆمەتبار کراوە. لە دوایین حاڵەتدا، ئەمەریکا ماوەیەک پێش ئێستا کۆماری ئیسلامی ئاگادار کردەوە کە هەر هەوڵێک دژی دانۆڵد ترامپ بە "کردەوەی شەڕ" دەزانێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا