ترامپ سوزان وایڵز وەک سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی دەستنیشان دەکات
2024-11-08 20:01:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سوزی وایڵزی بەڕێوبەری کەمپینە سەرکەوتووەکەی هەڵبژاردنەکەی وەکو سەرۆکی دەستەی ستافەکەی لە کۆشکی سپی دەستنیشان کرد. وایڵز یەکێک بوو لە دوو بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ. سەرۆکی هەڵبژێردراویش لە بەیاننامەکەیدا باسی لێکردووە و دەڵێت "ئەو یارمەتی داوم کە یەکێک لە گەورەترین سەرکەوتنە سیاسییەکانی مێژووی ئەمەریکا بەدەستبهێنم". سوزان وایڵز یەکەم دەستنیشانکردنی گەورەیە لە کابینەی نوێی دانۆڵد ترامپدا و یەکەم ژن دەبێت کە وەک سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی کار بکات. وایڵز لە ناوخۆ و دەرەوەی بازنە ناوخۆییەکەی ترامپدا شانازی پێوە دەکرێت لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە بەڕێوبەرایەتی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترامپی کرد، هەروەها وەکو کاندیدی پێشەنگ بۆ ئەو ڕۆڵە دەبیندرا. وایڵز بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی بە دوورگرتووە لە دەرکەوتن، تەنانەت ڕەتی کردەوە مایکەکە وەربگرێت و قسە بکات کاتێک ترامپ بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ئاهەنگی گێڕا بە بۆنەی سەرکەوتنییەوە. دەستنیشانکردنی وایڵز یەکەمین بڕیاری گەورەی ترامپە وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراو و بڕیارێکە کە دەکرێت تاقیکردنەوەیەکی گەورە بێت بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتری، چونکە دەبێت بە خێرایی تیمەکەی دروست بکات کە یارمەتیدەری دەبن لە بەڕێوەبردنی حکومەتە زەبەلاحە فیدڕاڵییەکەدا. وایڵز ئەزموونێکی زۆری نیە لە حکومەتی فیدڕاڵدا تاوەکو ئەو ڕۆڵە وەربگرێت، بەڵام پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراودا هەیە. لە کەمپینی هەڵبژاردنەکاندا، وایڵز توانی شتێک بکات کە کەم کەس توانیویانەی بیکەن، ئەویش کۆنتڕۆڵکردنی پاڵنەرەکانی ترامپ بوو، ئەوەش لە ڕێی ئەوەوە کە وایکرد ترامپ ڕێزی لێبگرێت و پیشانیدا کە باشترە شوێن ئامۆژگارییەکانی ئەو بکەوێت وەک لەوەی گوێیان پێنەدات. ترامپ وتی " سوزی بەهێزە، زیرەکە، بوژێنەرە و بە گشتی خۆشەویستە و ڕێزی لێدەگیرێت. سوسی بەردەوام دەبێت لە کارکردنی ماندوونەناسانە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمەریکا مەزن بکاتەوە. ئەوە سەربەرزییەکە کە بە تەواوەتی شایستەیەتی سوسی ببێت بە یەکەم ژنە سەرۆکی دەستەی ستافی کۆشکی سپی لە ئەمەریکادا. هیچ گومانێکم نیە لەوەدا کە وادەکات وڵاتەکەمان شانازی پێوە بکەن." سەرۆکە سەرکەوتووەکانی دەستەی ستافەکانی کۆشکی سپی وەکو متمانەپێکراویی سەرۆک خزمەت دەکەن، یارمەتی دەدەن لە جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی سەرۆکدا و هاوسەنگیکردنی ئەرکە پێشینە سیاسییەکان. هەروەها وەکو پارێزەریش کاردەکەن، یارمەتیدەر دەبن لە دیاریکردنی ئەوەدا کە سەرۆک لەگەڵ کێدا کاتەکانی بەسەر ببات و قسەش لەگەڵ کێدا بکات. وایڵز ستراتیژیکارێکی کۆمارییە لە فلۆریدا و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 و ساڵی 2020 دا بەڕێوبەری کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترامپ بووە، هەروەها بەڕێوبەرایەتی کەمپینە سەرکەوتووەکەی ڕۆن دیسانتێسی فەرمانڕەوای ویلایەتی فلۆریدای کردووە لە ساڵی 2018 دا کە تێیدا دیسانتێس سەرکەوتوو بوو. لە ساڵی 2010 دا بەڕێوبەرایەتی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ڕیک سکۆتی کرد بۆ فەرمانڕەوایەتیکردنی فلۆریدا و بۆ ماوەیەکی کورتیش بەڕێوبەری کەمپینی هەڵبژاردنەکانی فەرمانڕەوای یوتا جۆن هەنتسمانیش بووە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2012 دا. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا