هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزارەتی شارەوانی: دەست بە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکرێت

وەزارەتی شارەوانی: دەست بە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکرێت
وەزارەتی شارەوانی: دەست بە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ دەکرێت

2020-05-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمیی پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لەھەرێمی کوردستان دەستی پێبکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانیش دەڵێ، پڕۆسەکە لەبەرژەوەندی خەڵکی ھەژارە. 

کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەست بە پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لەھەرێمی کوردستان دەکرێت و وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاریش ئامادەکاری تەواوی بۆ پڕۆسەکە کردوە.

شابان گوتیشی، "مەبەست لە جێبەجێکردنی بڕیاری تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر خانووی زێدەڕۆ لەلایەن خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتەوە لە ساڵانی رابردوو دروستکراون و لەسەریان تاپۆ دەکرێن و دەبنە خاوەن خانووی خۆیان.

گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی دەشڵێ، "ئەوانەی خەڵکی ھەژارن، بۆنموونە تەنیا خانوویەکی ٢٠٠ مەتریان دروستکردووە لەسەریان تاپۆ دەکرێت، بەڵام ئەوانەی زەویەکی زۆریان بە زێدەڕۆ داگیرکردووە حکوومەت لێیان وەردەگرێتەوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی ٣٠٠ ھەزار خانووی زێدەڕۆ لەھەر چوار پارێزگای ھەرێمی کوردستان ھەیە، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانیش دەڵێ، "خەریکی کۆکردنەوەی ئامارین و ژمارەکە دیارنیە تا ئێستا چەندە.

 

قائید میرۆ