ئەمەریکا دەڵێت چیتر بوونی حەماس لە قەتەر قبوڵ ناکات
2024-11-09 19:05:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا بە قەتەڕی وتووە کە بوونی حەماس لە دەوحە چیتر پەسەندکراو نیە، ئەوەش دوای ئەوەی حەماس نوێترین پێشنیاری بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان ڕەت کردەوە. قەتەڕ و ئەمەریکا و میسڕ ڕۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە چەندین خولی گفتوگۆکاندا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک لە جەنگەکەی غەززەدا، بەڵام هەوڵەکان هەمیشە شکستییان هێناوە. گفتوگۆکانی ناوەڕاستی مانگی 10 بە هەمان شێوە شکستیان هێنا لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، لە کاتێکدا کە حەماس پێشنیاری ئاگربەستە ماوە کورتەکەی ڕەت کردەوە. بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " دوای ڕەتکردنەوەی چەندین پێشنیار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، چیتر سەرکردەکانی حەماس نابێت لە پایتەختەکانی ئەو وڵاتانەدا بن کە هاوبەشی ئەمەریکان. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دوای ئەوەی حەماس پێشنیارێکی دیکەی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان ڕەت کردەوە ئەوەمان بۆ قەتەڕ ڕوون کردەوە." دواتر قەتەڕ نزیکەی 10 ڕۆژ لەمەوبەر ئەو داوایەی لە سەرکردەکانی حەماس کردووە. ئەمەریکا قسەی لەگەڵ قەتەڕدا کردووە لەسەر ئەوەی کەی ئۆفیسە سیاسییەکەی حەماس لەوێ دابخات، هەروەها بە دەوحەی وتووە کە ئێستا کاتی ئەوەیە. سێ بەرپرسی حەماس ڕەتییان کردەوە قەتەڕ بە سەرکردەکانی حەماسی وتبێت کە ئێوە چیتر نابێت لە وڵاتەکەدا بن. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕیش لێدوانی لەو بارەیەوە نەداوە. هێشتا نەزاندراوە کە ئایا قەتەڕ وادەیەکی دیاریکراویی داوە بە سەرکردەکانی حەماس تاوەکو وڵاتەکە جێبهێڵن یان نا. قەتەڕ کە وەکو هاوپەیمانێکی سەرەکی نا ناتۆی ئەمەریکا دادەنرێت، لە ساڵی 2012 ەوە میوانداری سەرکردەکانی حەماسی کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ ئەمەریکادا. دوابەدوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کە چەکدارانی حەماس تێیدا 1200 کەسییان کوشت و 250 کەسی دیکەیان ڕفاند، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بە سەرکردەکانی قەتەڕ و شوێنەکانی دیکەشی وتووە کە چیتر نابێت " شتەکان وەکو پێشوو ئاسایی بن " لەگەڵ حەماسدا. قەتەڕییەکان بە بلینکنییان وتووە کە ئەوان کراوەن بە ڕووی تاوتوێکردنی بوونی حەماس لە وڵاتەکەدا کاتێک کاتی خۆی دێت. ئەو هێرشەی حەماس لە ئیسڕائیل بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا. بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن زیاتر لە 43,000 فەلەستینی کوژراون و غەززەش وێران بووە و قەیرانێکی مرۆیی گەورەشی تێدا دروست بووە. دەوحە لەلایەن یاسادانەرانی ئەمەریکاوە ڕەخنەی لێگیراوە لەسەر ئەوەی کە پەیوەندی لەگەڵ حەماسدا هەیە. ڕۆژی هەینی 14 سیناتۆری کۆماریی نامەیەکییان بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نارد و تێیدا داوایان لە واشنتن کرد دەستبەجێ سەرمایەی ئەو بەرپرسانەی حەماس سڕ بکات کە لە قەتەڕ دەژین و چەندین بەرپرسی باڵای حەماس کە لە قەتەڕ دەژین ڕادەست بکرێن و داوا لە قەتەڕ بکات " کۆتایی بە میوانداریکردنی " سەرکردایەتییە باڵاکەی حەماس بهێنێت. سەرۆک وەزیری قەتەڕ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەلثانی چەندین جار وتوویەتی کە هۆکاری بوونی ئۆفیسی حەماس لە دەوحە ئەوەیە کە کارئاسانی بکات بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ حەماسدا و هەتاوەکو ئەو کاتەی کە کەناڵەکانی پەیوەندی سوودییان دەبێت، قەتەڕ ڕێگە بە ئۆفیسی حەماس دەدات لە دەوحە بە کراوەیی بمێنێتەوە. نازانرێت چەند بەرپرسی حەماس لە قەتەڕ دەژین، بەڵام چەندین سەرکردەی حەماس لەوێ دەژین کە وەکو جێگرەوەی یەحیا سینوار سەیر دەکرێن، سینوار مانگی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیسڕائیلەوە لە غەززە کوژرا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز