هەواڵی کوردستان ئێستا

ووردەکاری و ئاماده‌كاری بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی لە KDP یەوە بزانە

ووردەکاری و ئاماده‌كاری بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی لە KDP یەوە بزانە
ووردەکاری و ئاماده‌كاری بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی لە KDP یەوە بزانە

2020-05-09 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون له ‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گوتی، 10بڕیار له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی ده‌ركراون و پێویسته‌ له‌ماوه‌ی 90رۆژدا هه‌ر وه‌زاره‌تێك كاری خۆی ته‌واو بكات، به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایەش‌ دادپه‌روه‌رده‌ی له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و ئیمتیازات و به‌خشین و خانه‌نشینی دێته‌ ئاراوه‌.

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوونی ‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "دوای په‌سه‌ند كردنی په‌یڕه‌وی یاسای چاكسازی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی ئه‌نجامدرا و له‌و كۆبوونه‌وه‌یەدا‌ خشته‌یه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ به‌هه‌موو مادده‌ و بڕگه‌كان دانرا و له‌لایه‌ن وه‌زیره‌كانیش پێشكه‌ش كرا، دواتریش په‌سه‌ندكرا و له‌هه‌مانكاتدا 10 بڕیار له‌باره‌ی شێوازی جێبه‌جێكردنی ده‌ركرا.

خه‌سرۆ گوتیشی، "له‌ئێستادا وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ و داراییی و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ده‌ستیان به‌كار كردووه‌  له‌باره‌ی ئه‌و مادده‌ و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ستن به ‌ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و ئه‌وانیش لیژنه‌ی وه‌زاره‌یان بۆ خۆیان پێكهێناوه‌، بۆیه‌ هه‌موو ئاماده‌كاریه‌ك كراوه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی یاساكه‌.

وتیشی، له ‌6/5 دیوانی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ستیان به‌كاره‌كانی خۆیان كردۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی باشتر كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ بكرێت و كاره‌كان باشتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچن، هاوکات ئه‌و یاسایه‌ چه‌ندین مادده‌ له‌خۆ ده‌گرێت لەوانە یاسای چاكسازی له‌ بواری مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازات و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

د. عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ زیاتر گوتی، "هه‌ر وه‌زاره‌تێك به‌رپرسیاریەتی یاسایی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ له ‌ده‌وامی فه‌رمیی  فه‌رمانگه‌كان، ئه‌وانه‌ی چاودێری فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن كه‌ كێ ده‌وام ده‌كات و كێ ده‌وام ناكات، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو ڕێكاره‌كان بگرنه‌ به‌ر، چونكه‌ چه‌ندین یاسای دیكه‌ جگه‌ له‌ویاسایه‌ به‌ركارن.

به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون باسی له‌وه‌شكرد، "پێداچوونه‌وه‌ی ته‌واو به‌ فایلی هه‌موو فه‌رمانبه‌راندا ده‌كرێت كه‌ چۆن بەو پله‌یە گه‌یشتوون، به‌ حه‌قی خۆیان بووه‌ یاخود پێچه‌وانه‌ی یاسا بووه، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ركه‌سێك به‌پێی مافی خۆی حه‌قی خۆی وه‌رگرێت.

خه‌سرۆ ڕوونیشی كرده‌وه‌، "هه‌ر كه‌سێ به‌نایاسایی پله‌ی به‌رزكرابێته‌وه‌  رێگه‌ی پێنادرێت و پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت ته‌نانه‌ت پله‌كانی سه‌ربازیش ده‌گرێته‌وه بۆیه‌ ئه‌و ورده‌كاریانه‌ له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تكان ده‌كرێت.

له‌ كۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، "مه‌به‌ست له‌یاسای چاكسازی ئه‌وه‌یه‌ عه‌داله‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌ له‌پرسی وه‌زیفی و ده‌رماڵه‌ و خانه‌نشینی و جۆرێ له‌دادپه‌روه‌ری هه‌بێت، بۆیه‌ حكوومه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌ كار ده‌كات و تائێستاش هیچ به‌ربه‌ستێك بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ نیه ، چونكه‌ په‌یڕه‌وی بۆ ده‌ركراوه‌ و دوای ئه‌وه‌ له‌رۆژنامه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ ئیتر به‌پێی یاسا له‌ماوه‌ی 90 ڕۆژ میكانیزمی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانەوە، بۆیه‌ ئێستا ئاماده‌كاری ده‌كرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و میكانیزمانه‌ جێبه‌جێبكرێن و پێویسته‌ تا ئه‌وكاتەش‌ جێبه‌جێبكرێت.

 

بڵند ئیبراهیم