تەقینەوەیەکی بەهێز لە پاکستان دەیان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە
2024-11-09 21:10:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پۆلیس و بەرپرسانی دیکەی پاکستان دەڵێن بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە شاری کوێتای باشووری ڕۆژئاوای پاکستان لانیکەم 24 کەس کوژراون و زیاتر لە 40 کەسی دیکە بریندار بوون. کوێتا پایتەختی پارێزگای بالوچستانە و دەمێکەیە دەناڵێنێت بە دەست زیادبوونی هێرشەکانی گروپە چەکدارییە جیاخوازەکانەوە و ئەوەش ترس و نیگەرانی دروست کردووە بۆ ئەو پڕۆژانەی کە مەبەست لێیان گەشەپێدانی پارێزگا دەوڵەمەندەکەیە بە سەرچاوە سروشتییەکان. پشکنەری گشتی پۆلیسی بالوچستان موزام جا ئەنساڕی وتی تاوەکو ئێستا 24 کەس لە تەقینەوەی بۆمبێکدا لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر گیانییان لە دەستداوە. بۆمبەکە بەیانی زوو تەقیوەتەوە لە کاتێکدا کە قەرەباڵغ بووە. وتی " ئامانجەکە سەربازانی سوپا بوون لە ئەکادیمیای پیادە." کۆمسیاری کوێتا حەمزە شەفقەت وتی 16 سەرباز لە نێو کوژراوەکاندا بوون. بەرەی ئازادی بالوچ کە گروپێکی چەکداریی جیاخوازە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕۆیتەرز کە بە ئیمەیڵ ناردوویەتی، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ. بەرەی ئازادی بالوچ هەوڵی سەربەخۆیی دەدات بۆ بالوچستان، پارێزگایەک کە 15 ملیۆن دانیشتووی هەیە و لە باکوورەوە سنووری بە ئەفغانستانەوەیە و لە ڕۆژئاواشەوە سنووری بە ئێرانەوە هەیە. بەرەی ئازادی بالوچ گەورەترین گروپی نەتەوەیی چەکدارە لەو گروپانەی بالوچدا کە دژی حکومەتی پاکستان شەڕ دەکەن، گروپە چەکدارییەکان دەڵێن حکومەتی پاکستان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە گاز و سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگاکە بەکاردەهێنێت. وتەبێژی نەخۆشخانەیەک وتی " تاوەکو ئێستا 44 کەس هێندراون بۆ نەخۆشخانەی مەدەنی." لە مانگی هەشتدا لانیکەم 73 کەس لە بالوچستان کوژران دوای ئەوەی چەکدارانی جیاخواز هێرشییان کردە سەر بنکەکانی پۆلیس و هێڵە ئاسنینەکان و شەقامە سەرەکییەکان. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز