هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ وەریشە مورادی زیندانی سیاسی کورد دەردەکات

ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ وەریشە مورادی زیندانی سیاسی کورد دەردەکات
ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ وەریشە مورادی زیندانی سیاسی کورد دەردەکات

2024-11-10 19:00:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەلواتی سزای لەسێدارەدان بۆ وەریشە مورادی زیندانی سیاسی کورد دەردەکات. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵکە نووسیوێتی دانیشتنەکانی دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدا بەڕێوەچووە کە ڕێگەی بەو زیندانییە نەدراوە کە بەرگری لە خۆی بکات. بە پێی هەواڵەکەی تۆری مافی مرۆڤی کوردستان ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لەوەتای دەستبەرسەربوونی تا کۆتایهاتنی پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکەی، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و تەنها دوای دەرچوونی تۆمەتەکەی توانیوێتی پەیوەندی بە پارێزەرێکەوە بکات. وەریشە مورادی کە بە 'جوانا سنە' بەناوبانگە، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)، یەکی مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بە شێوەیەکی توندوتیژ لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دوای 13 ڕۆژ دەستبەسەری لە شاری سنە، بۆ بەندی 209ی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە و خرایە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا بۆ دانپێدانان و پاش 5 مانگ ئەشکەنجە لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی ژنانی زیندانەکە گوازرایەوە. ڕۆزارین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کژار پێشتر لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو کە جوانا سنە، ئەندامی ڕێکخستنەکەیانە و لە نێوان ڕیگای مەریوان و سنە و لە کاتی گەڕانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە. ئەو بەرپرسەی کژار وتبوی "جوانا لە کاتی دەستبەسەربوونیدا نە چەکی پێبووە و نە بۆ چالاکی سەربازیش ڕۆیشتوەتەوە و تەنها بۆ کاری ڕێکخستن لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەڵاتدا سەردانی ئەو شارەی کردووە." کژار لە بەیاننامەکەدا داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کردووە سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی وەریشە مورادی لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە بێدەنگ نەبن. ڕیکخستنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەهاوکاتی کۆدار دامەزراوە، لە ساڵی 2014 لە چیای قەندیل لە پێناو خەبات بۆ دامەزراندنی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لە کوردستان و ئێران دامەزراوە.