تورکیا ڕۆژنامەنووسێک لەسەر پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر دەکات
2024-11-11 00:00:28 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
درەنگانێکی ڕۆژی شەممە دادگایەکی ئیستەنبوڵ بە فەڕمی ڕۆژنامەنووسێکی تورکی لەسەر پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەستگیر کرد، پارێزەرەکەی وتی ڕۆژنامەنووسەکە پۆستی لەسەر ئەو داواکارانە کردووە کە لێکۆڵینەوە لە سەرۆک شارەوانییە کوردەکەی سەر بە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، پارتی کۆماری گەلان، دەکەن. فورکان کارەبایی پەیامنێری ماڵپەڕی 10haber ڕۆژی هەینی دەستبەسەر کراوە دوای ئەوەی لە ئێکس پۆستێکی کردووە و ناوی ئەو داواکارانەی بڵاوکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە لە سەرۆک شارەوانییەکە دەکەن. ئەهمەت ئۆزەری سەرۆک شارەوانی ناوچەی ئیسینیورتی ئیستەنبوڵ لە 30 ی مانگی 10 دا دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی داواکاران تۆمەتبارییان کرد بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پەیوەندی هەبووە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، کە تورکیا بە " گروپێکی تیرۆریستی " ناوییان دەبات. درەنگانێکی ڕۆژی شەممە دادگا فەرمانی بە دەستگیرکردنی کارەبایی کرد هەتاوەکو کاتی دادگاییەکەی، وتی پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا " بە ئامانجکردنی ئەو بەرپرسە گشتییانە بوون کە بەشدارن لە شەڕی دژ بە تیرۆردا." کارەبایی لە لێدوانەکەیدا بۆ دادگا تۆمەتەکەی ڕەت کردەوە، وتی ناوی ئەو داواکارانە لەلایەن چەندین دەزگای ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراونەتەوە و سەرکردەی پارتی کۆماری گەلان ئۆزگور ئۆزێل خۆشی ئاماژەی بە ناوی داواکارەکان کردووە. ئۆزێل لەو کاتەدا سەرکۆنەی لێکۆڵینەوەکانی کرد لە سەرۆک شارەوانییەکە و وتی داواکارەکە لەلایەن سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە فەرمانی پێکراوە. پارێزەرەکەی کارەبایی، ئەنەس ئێرمانەر وتی دەستبەسەرکردنەکەی نایاسایی بووە. وتی " ڕۆژنامەنووسێک دەستگیرکراوە لەسەر ئەوەی ڕاپۆرتی لەسەر خەڵکانێک کردووە کە ناوەکانییان بە باشی ناسراون. ئەوە جێی شەرمەزارییە." گروپەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سەرکۆنەی دەستگیرکردنەکەیان کرد و نوێنەری ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور ئیرۆڵ ئۆندەرگلۆ وتی دەستگیرکردنی کارەبایی پێش دادگاییکردنەکەی ئامانج لێی سزادانییەتی پێش کاتی خۆی. ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور تورکیای لە پلەی 158 دا داناوە لە ڕیزبەندی ساڵی 2024 دا بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا، لە کۆی 180 وڵات. کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی پێشکەوتنخواز وتی " دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێک بە تەنها لەبەرئەوەی کە خەڵکی ئاگادار کردووەتەوە لێدانێکی مەترسیدارە لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و بەها دیموکراسییەکان." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز