هەواڵی کوردستان ئێستا

تایوان: هیچ کەس و کۆمپانیایەکی تایوان بەشدار نەبوون لە تەقینەوەی پەیجەرەکاندا لە لوبنان

تایوان: هیچ کەس و کۆمپانیایەکی تایوان بەشدار نەبوون لە تەقینەوەی پەیجەرەکاندا لە لوبنان
تایوان: هیچ کەس و کۆمپانیایەکی تایوان بەشدار نەبوون لە تەقینەوەی پەیجەرەکاندا لە لوبنان

2024-11-11 17:50:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


لێکۆڵەرەوانی تایوان ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی کەس و لایەن و کۆمپانیا تایوانییەکان بەشداربووبێتن لە هێرشە کوشندەکەی مانگی نۆدا کە تێیدا ئامێرەکانی پەیوەندی حزبوڵا لە لوبنان تەقێندرانەوە. لێکۆڵەرەوانی تایوان لە بەیاننامەیەکدا وتیان " لێکۆڵینەوەکانمان پشتڕاستییان کردووەتەوە کە هیچ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی یاخود هیچ هاووڵاتییەکی تایوان بەشدار نەبوون لە ڕووداوەکانی تەقینەوەی پەیجەرەکاندا لە لوبنان." ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی یەکشەممە وتی "من گڵۆپی سوورم بۆ ئۆپەراسیۆنی پەیجەرەکان داگیرساندووە." تەقینەوەی پەیجەر و ئامێرە بێتەلەکانی ئەندامانی حزبوڵا بووە هۆی کوژرانی 40 کەس و برینداربوونی نزیکەی 3000 کەسی دیکە، هەروەها پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئیسڕائیل بوو لە لوبنان کە بەهۆیەوە هەزاران کەسی دیکەش کوژراون. پرسیار و گومان هەبوون لەسەر ئەوەی ئەم ئامێرانە لە کوێوە هاتوون و چۆن دراون بە حزبوڵا. پێشتر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکایی و بەرپرسانی دیکەی نەناسراوەوە بڵاویکردبووەوە کە ئیسڕائیل ماددەی تەقینەوەی کردووەتە ناو سەرجەم پەیجەرەکانەوە کە لە کۆمپانیای گۆڵد ئاپۆلۆی تایوانەوە هەناردە کراون. ئاپۆلۆ بە توندی ڕەتی کردووەتەوە ئەو ئامێرانەی دروست کردبێت. ڕۆژی دووشەمە لێکۆڵەرەوانی تایوان وتییان لێکۆڵینەوەیان لە کۆمپانیا و بەڕێوبەرەکەی و سەرجەم ئەندامەکانی کردووە و هیچ بەڵگەیەک نەبووە لەسەر تێوەگلانییان لەو بابەتەدا. ئۆفیسی لێکۆڵەرەوانی تایوان وتی " هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە لەسەر چالاکی تاوان لەم دۆسییەیەدا نەدۆزراوەتەوە، هیچ کەسێکیش لە هیچ چالاکییەکی تاواندا تێوەنەگلاوە." کۆمپانیای گۆڵد ئاپۆلۆ بنکەکەی لە ناوچەی ژیژییە لە شاری نیو تایپێی لە تایوان. ئۆفیسەکە وتی لە ئەنجامدا دۆسییەکە داخرا. سەرچاوە/ فرانس پرێس