تورکیا فشار لە ئەمەریکا دەکات پێداچوونەوە بکات بە هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ کوردەکانی سوریادا
2024-11-11 18:45:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەپێی لێدوانەکانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا فشار دەکاتە سەر ئەمەریکا تاوەکو دووبارە پێداچوونەوە بکاتەوە بە پشتیوانییەکانی بۆ هێزە کوردییەکان لە سوریادا، ئەردۆغان جارێکی دیکە ئاماژەیدا بە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش دژی کوردەکانی سوریا. ڕۆژنامەی میلیەت لە زاری وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدانەوە بڵاویکردەوە "ئێمە هەمیشە بیری هاوتا ئەمەریکاییەکانمانی دەخەینەوە کە پێویستە هاریکارییەکانییان لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەدا لە سوریا ڕابگرن." وتی "گفتوگۆکانمان لەسەر ئەم پرسە زیاتر بووە. دەبینین ئەمەریکاش سوورە لەسەر گفتوگۆی زیاتر لەو بارەیەوە." ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆغان وتی تورکیا دەکرێت هێرشێکی نوێ بکاتە سەر باکووری سوریا تاوەکو ناوچەی نوێی پارێزراو بە درێژایی سنوورەکەی دروست بکات، ئەوەش دوای ئەوەی کە ڕۆژی هەینی وتی لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا تاوتوێی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە سوریا. یەکێک لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیادا پشتیوانییەکانی ئەمەریکایە بۆ هێزەکانی یەپەگە، هێزەکانی یەپەگە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکان لە شەڕی دژ بە داعشدا لە سوریا. ئەنکەرە ئەو هێزانە بە "تیرۆریست" ناودەبات و دەڵێت بەشێکن لە پارتی کرێکارانی کوردستان. تورکیای ئەندام لە ناتۆ لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر یەپەگە و بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتری کردووە. ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆغان وتی ئەو هێرشانە بوونە هۆی دروستبوونی ناوچەی پارێزراو لە سوریادا کە "هەوڵەکانی بۆ گەمارۆدانی تورکیا لە سنوورەکانی باشوورەوە پوچەڵ کردووەتەوە، تورکیاش سوورە لەسەر ئەوەی بە تەواوەتی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا بپچڕێنێت." وتیشی "لە ماوەی داهاتوودا ناوچە پارێزراوەکە تەواو دەکەین کە بە درێژایی سنوورەکەمان دروستمان کردووە." لەم چەند مانگەی ڕابردووشدا ئەردۆغان هەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددا چاک بکاتەوە، دوای دەیەیەک لە پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریادا. ئەنکەرە گلەیی لەوە کردووە کە دیمەشق وەڵامی هەوڵەکانی نەداوەتەوە بۆ دووبارە لە یەک نزیکبوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەردۆغان لە مانگی حەوتدا وتی بانگهێشتی ئەسەد دەکات بۆ تورکیا تاوەکو گفتوگۆ بکەن. ئەسەد وتی ئەو هەوڵانە هیچ ئەنجامێکییان نەبووە و دیمەشق دەیەوێت هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی سوریا بکشێنەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز