لە پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییەی تورکیا ڕۆڵی پارتی دەم چی دەبێت؟
2024-11-13 18:45:20 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
لە تورکیا لە یەکی مانگی دەوە هەتا ئێستا چەندین پێشهاتی پەیوەست بە کورد ڕوویانداوە. ئێستا بە تەواوەتی چاو لەسەر پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم)ە کە چ جۆرە ستراتیژی وپلانێکی بەرامبەر بەم ئاڵنگارییانە دەخاتە ڕوو. جێگری گرووپی پارتی دەم لە پەرلەمان، گولستان کلیچ کۆچییگیت سەبارەت بەو ئەرکانەی کە لە ئەستۆی پارتەکەیدایە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو ڕووداوانە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتەکەوە تاوتوێ کراون "دوای ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەت باخچەلی، زانراوە کە قەیوم (نوێنەری حکومەت لە بری نوێنەری هەڵبژێردراو) جێگیرکراون. ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەبووە. لە ڕوانگەی پارتی ئێمەوە دانانی قەیوم بە پرۆسەیەکی ژەهراوی دادەنرێت. دانانی قەیوم لایەک و لەلایەکی ترەوە گەڕان بەدوای چارەسەر بە تەواوەتی دژی یەکەوە لەگەڵ یەکتردا ناگونجێن. هەر بۆیە ئەو هەوڵانەمان هەڵوەشاندەوە کە لە پێناو بەدەستهێنانی ئاشتیدا دابوومان و دەتوانین جارێکی دیکە سەرنجی لەسەر بدەینەوە." دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست مەهەپە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە یەکی مانگی دە تەوقەی لەگەڵ ئەندامانی دەم پارتیدا کرد و لە 22ی مانگی دەشدا ڕایگەیاند، داوا لە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن بێتە کۆبوونەوەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) و داوای کۆتاییهێنان بە تیرۆر و ڕێکخستنەکانی بکات. کۆچییگیت دەڵێت "ئەگەر مەبەستی ڕاستەقینەی ئاشتی هەبێت و ئێمە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین، پێویستە دەستبەجێ دەستبەرداری دانانی قەیوم بن و هەمو ئەو قەیومانەی دانراون هەڵوەشێننەوە. هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی چارەسەرکردن لە کاتێکدا کە قەیوم دادەنرێت، بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە حکومەت لە کوێدا لەسەر ئەم پرسە وەستاوە. هەموو خەڵکی تورکیا زۆر باش دەزانن کە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلی کورد و کودەتا لە سندووقەکانی دەنگدان ئاشتی بەدی نایات." دوای وتارەکەی باخچەلی، هێرشێکی چەکداری لە ئەنقەرە دژی پیشەسازی فڕۆکەوانیی تورکیا (TUSAŞ) ئەنجامدرا، کە پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و پاشانیش هەندێک ئۆپەراسیۆن لەلایەن تورکیاوە دەستیپێکرد و دەستبەجێ لە هەندێک شوێن قەیوم جێگیرکرا. بەڕێوەبەری گشتیی سپێکترۆم هاوس، ئازاد بارش، لەبارەی ئەم پێشهاتانەی ئەم دواییە و ڕۆڵی پارتی دەم لە داهاتوودا چی دەبێت بۆ دەنگی ئەمەریکا، گوتی "پارتی دەم ئەکتەری سەرەکی چارەسەرکردنی ئەم پرسە نییە. ئەکتەری سەرەکی وەک باخچەلیش باسی کرد عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە و ئەوی تریش خودی تورکیایە. ئەگەر ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەمانەدا هەبێت، پارتی دەم دەتوانێت لەسەرمێزی گفتوگۆکە شایەتحاڵ بێت و ئاسانکاری بکات. بەڵام ئەگەر پارتی دەم بڵێت ئێمە ئەکتەرین، ئەوا هەڵە دەکەن. چونکە پارتی دەم نە لەلایەن دەوڵەت و نە لەلایەن ئۆجالانیشەوە بە جددی وەرناگیرێت. گرنگ ئەوەیە کە پارتی دەم نێوەندگیری بکات." لە بەیاننامەی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی (م.ی.ک)ی پارتی دەم، هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە لە کاتی پڕۆسەکەدا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە ئەنجام بدرێت. لە بەیاننامەکەدا هاتووە "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، پێویستە پەرە بەو پەیوەندییە بدرێت، گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان لاببرێت و دۆخی تەندروستی، سەلامەتی و ئازادی و خەباتی باشبکرێت."