هەواڵی کوردستان ئێستا

تانەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان

تانەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان
تانەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان

2024-11-14 17:20:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


چاوەڕواندەکرێت چەند ڕۆژێکی دیکە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ئەو 41 تانەیە ڕابگەیەنێت کە لایەنەکان تۆماریانکردوون. بەپێی ئەزمونەکانی پێشوو هەتا ئێستا سەرئەنجامی تانەکان چ لە هەڵبژاردنەکانی عێراق یان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی گەورەی لێنەکەوتووەتەوە و سەرئەنجام بەشێک لە تانەکاران گومانیان خستووەتە سەر پاکی هەڵبژاردنەکە. دەپرسین: کۆمسیۆنەکانی هەڵبژاردن چی بکەن بۆ ئەوەی ئەو گومانانە بڕەوێننەوە؟ پرۆسەی پیاداچوونەوە بە تانەکان چۆنە؟ بۆچی بەشێک لە خەڵکی بڕوایان بە تانە و تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان نییە؟ لەو 41 تانەیەی لەم هەڵبژاردنەدا تۆمارکراون، هیچ تانەیەک هەیە پشتی بەستبێت بە بەڵگەی تەواو و حاشاهەڵنەگر؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: سەربەست ئامێدی، سەرۆکی تۆڕی چاو بۆ چاودێری دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەروەها سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پارێزەر هۆشیار مالۆ، یاساناس و بەرپرسی ڕێکخراوی کوردستان بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ. سەربەست ئامێدی : بەبۆچونی من هەڵبژاردنەکە هەڵبژاردنێکی پاک بوو، ئەو ڕێگایانەی یاسا داینابوون کۆمسیۆن پێشکەشی لایەنەکانی کردبوو، ئەوەی کە دەوترێت هەڵبژاردنەکە دیزاین کراوبووە، بە ڕاستی من بڕوام بەو قسەیە نییە، چونکە دەنگەکان هەم بە ئەلیکترۆنی هەم لە بەرچاوی نوێنەری حزبەکان هەموویان بەدەستیش ژمێردراون، بزوتنەوەی گۆڕان دوانزە کورسی هەبوو، ئەی کوا یانزەکەی تری، بێگومان حزبەکان وەک خۆیان نامێنن و دەنگیان کەم دەکات و زیاش دەکات، ئەگەر هەڵبژاردنەکە دیزاینکراوبوو بۆچی ئەو لایەنانە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی قسەیان نەکرد، هەر ئەو لایەنانە خۆیان دەیانوت دەبێت کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات ئەو کۆمسیۆنەی کوردستان حزبیە، ئێستا کە ئەوەی بەغداد کردویەتی ئنجا دەڵێن دیزاینکراوبوو، خۆ هەر لەبەرچاوی خۆیان ئامێرەکانی دەنگدانیان کردەوە، بە ڕاستی ئەو شتە خەیاڵە سەبارەت بەو ئامێرانە بوترێت کەسێک دەنگی داوە، بەڵام ئامێرەکە دەنگەکەی بۆ گۆڕیووە بۆ لایەنی تر، باشە ئەگەر ئەو ئەنجامانە پێچەوانە بووایە ئەو لایەنانە ئەوان زیاتریان بهێنایە، هەر دەیانوت دیزاینکراوبووە؟ ئەم قسانە تەنها بۆ ئەوەیە لە بەردەم لایەنگر و ئەندامانی خۆیان بڵێن ئێمە ئەوەندە دەنگمان هێناوە بەڵام لێیان بردوین، یان ئەوەی دەڵێن خێزانم یان خزمی خۆم چوون دەنگیان پێداوم و دەنگییان نەماوە ، کێ دەڵێت دەنگیان داوە؟ یان کێ دەڵێت مۆر و ئاماژەکەیان بە هەڵە لێنەداوە! بابەتی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئەم سیستمی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکان بەداخەوە زۆربەی حزبەکان لێی نازانن کە چۆن سیستمی هەڵبژاردن و دابەشکردنی بازنەکان کاریگەری لەسەر کورسی و ژمارەی دەنگەکانیان دەبێت. هۆشیار مالۆ: نامەوێت پێش بڕیاری دەستەی دادوەری بکەوم سەبارەت بە تانەی لایەنەکان، بەڵام بەبۆچونی من پێم وانییە ئەو تانانەی لایەنەکان لەسەر ئەنجامەکانی کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت لەسەر دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن، قسە ئاسانە هەمووی دەڵێت، دیزاینکراو بووە هەڵبژاردنەکە، بەڵام خۆ نەدەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان و نە دادگاکان کار بە بەڵگە و سەلماندنی ڕاستی بەڵگەکان دەکەن نەک قسە، نامەوێت بچمە بابەتی خەیاڵ و بیردۆزی موئامەرە بڵێم تورکیا یان فڵانی لە پشتە، لایەنەکان پێشبینی زۆر بەرز دەکەن بۆ ئەوەی کە ژمارەی کورسی زۆر بەدەست بهێنن، بەڵام کاتێک ئەنجامەکان دەردەچن بەو جۆرە نییە، ئەو قەبارەیە نیە، باشە ئەگەر دیزاینی سۆفتوێر کرابێت ئەی هاردەکە چی؟ چۆن دەکرێت هەردووکیان بەیەکەوە کرابن، کە ماوەی هەڵبچرانی سندوقەکە و ئەنجامەکان 5 خولەک بوو، جگە لەوەی لەبەر چاوی هەموو نوێنەری لایەنەکان دووبارە بەدەست ژمێردرانەوە دەنگەکان؟! من نامەوێت ببمە بەرگریکاری کۆمسیۆن و پڕۆسەکە، ئێمە خۆمان کە چاودێری پرۆسەکەمان کردووە تێبینیمان هەبووە و لە ڕاپۆرتی خۆمان ئاماژەمان پێکردووە، بەڵام بە ڕاستی دەبێتە ستەم ئەگەر من بڵێم گەمەیەک هەبووە لە پرۆسەکە. ئەو لایەنانەی دەڵێن پێش هەڵبژاردنەکە پەیوەندییان پێوەکراوە و پێیان وتون ئەگەر بەو جۆرە نەبن لە ئەوەندە کورسی زیاتر ناهێنن بەشێکە لە خەیاڵی زانستی ئەگەر یەک بەڵگەی وەهایان هەیە با بیدەنە دەستەی دادوەری بزانن چۆن تۆپ تۆپێن بەکۆمسیۆن و ئەو لایەنەش دەکات کە ئەو هەڕەشەیەی کردووە، چونکە ئەوە هەڕەشەیە؟!بەڵام بەپێی یاسا بەڵگە بۆ سەلماندن لەسەر لایەنی بانگەشەکارە، بۆیە دەبێت ئەو لایەنانە بەڵگە پێشکەش بکەن کە دەڵێن پێشتر پێمان وتراوە ئەگەر وانەکەن لە ئەوەندە کورسی زیاتر ناهێنن.