سەرۆکی پارتی مەسیحی لوبنان دەڵێت پێویستە حزبوڵا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئیسرائیل، دەستبەرداری چەک بێت
2024-11-14 22:35:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆکی گەورەترین پارتی مەسیحی لوبنان ڕایگەیاند پێویستە حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بە زووترین کات دەستبەرداری چەکەکانی بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل بهێنێت و لوبنان لە مردن و وێرانکاری زیاتر بپارێزێت. سەمیر جەعجەع کە توندترین نەیاری سیاسی حزبوڵایە لە لوبنان، ڕۆژی پێنجشەممە لە بارەگای حزبەکەی لە شاری مەعرەب لە باکووری بەیروت قسەی لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز کرد، ئەمەش هاوکاتی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئەو ناوچانەی کە حزبوڵای لوبنان بەسەریاندا زاڵە. گوتیشی "لەگەڵ وێرانبوونی هەموو ژێرخانی حزبوڵا و کۆگاکانی، بەشێکی گەورەی لوبنانیش لەناو دەچێت." ڕەخنەگرانی حیزبوڵا لە لوبنان، وەک جەعجەع دەڵێن ئەو حزبە بە شێوەیەکی تاکلایەنە لوبنانی ڕاکێشاوە بۆ ناو شەڕێکی نوێ. حزبوڵا ڕایدەگەیەنێت بەرگری لە لوبنان و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەکات و بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە شەڕکردن و ڕایدەگەیەنێت چەک دانانێت و ڕێگە بە ئیسرائیل نادات دەستکەوتی سیاسی لە شەڕەکەدا بەدەستبهێنێت. جەعجەع وتی فشارە توندەکانی هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل کە لە کۆتایی مانگی نۆ پەرەی سەندووە و فراوانتر بووە و هێرشی زەمینی بۆ باشووری لوبنانیشی لەخۆ گرتووە، دەرفەتێکی ڕەخساندووە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی. جەعجەع گوتیشی مادم تێچووی شەڕەکە بۆ لوبنان هێندە گەورە بووە، کەواتە با سوودی لێوەرگرین و داوای لە حزبوڵا و دەوڵەتی لوبنان کرد بە خێرایی ڕێککەوتنە ناوخۆییەکان و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی کوتلە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی دۆخەکە بۆ دۆخێکی ئاسایی. گوتیشی "ئەمە کورتترین ڕێگایە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ، کەمترین تێچووی بۆ لوبنان و بۆ گەلی لوبنان هەیە." سەرچاوە/رۆیتەرز