هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل باشووری لوبنان دەکاتە ئامانج
2024-11-15 17:28:32 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
دەزگای هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە ڕۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنانی کردووەتە ئامانج، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسڕائیل داوای لە خەڵکەکە کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن. دەزگای هەواڵی نیشتیمانی لوبنان وتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسڕائیل دوو موشەکی بە ئاڕاستەی گەڕەکی غوبێری باشووری بەیروت هەڵداوە پێش ئەوەی هێزی ئاسمانی ئیسڕائیل " هێرشێکی ئاسمانی توند " ئەنجام بدات کە بینایەکی لە نزیک ئۆفیسەکانی شارەوانی خاپوور کردووە. وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ئاڤیخای ئادرعای لە ئێکس فەرمانی چۆڵکردنەکەی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتیان کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن چونکە هێرشی ئاسمانی دەکرێتە سەر. ئاڤیخای وتی " سەرجەم دانیشتوانی گەڕەکەکانی باشووری بەیروت، بە تایبەتی لە ناوچەی غوبێری، ئێوە لە نزیک ناوەند و بەرژەوەندییەکانی حزبوڵان." وتیشی " لە پێناو پارێزراویی خۆتان و خێزانەکانتاندا، دەبێت ئەم بینایانە و ئەوانەشی بەرامبەری چۆڵ بکەن." لە پۆستەکەدا نەخشەیەکی شوێنەکەشی بڵاوکردەوە و بیناکانی نزیک قوتابخانەی ئامادەیی بوستانی تێدا دەردەکەوێت. هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری بەیروتی موڵگەی حزبوڵا بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەس، بەڵام ڕۆژانە هەندێکییان دەگەڕێنەوە بۆ پشکنینی ماڵ و کارەکانییان. دەزگای هەواڵی نیشتیمانی لوبنان وتی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر شاری نەباتییەی باشووری لوبنان. سوپای ئیسڕائیل وتی " ناوەندەکانی سەرکردایەتی " هێزی تایبەتی ڕەزوانی حزبوڵا و ئەو موشەک هاوێژەرانەیان کردووەتە ئامانج کە بەکارهێندراون بۆ هەڵدانی ڕۆکێت بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل. وتی لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا هێزی ئاسمانی زیاتر لە 120 ئامانجی لە سەرانسەری لوبنان پێکاوە، بە کۆگای چەک و ناوەندی سەرکردایەتی و ژمارەیەکی زۆر لە موشەک هاوێژەرەکانیشەوە. لە 23 ی مانگی نۆوە ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان زیاتر کرد، دواتر هێزەکانی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کرد. حزبوڵا لەلایەن ئەمەریکا و بەڕیتانیا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە گروپێکی تیرۆریست ناسێندراوە. بەرپرسانی لوبنان دەڵێن زیاتر لە 3,380 کەس لە شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵادا کوژراون. ڕۆژی پێنجشەممە بانکی جیهان ڕایگەیاند شەڕەکە زیانێکی زیاتر لە 5 ملیار دۆلاری گەیاندووە بە ئابووری لوبنان. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا