هەواڵی کوردستان ئێستا

نیویۆرک تایمز: ئیلۆن ماسک لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە

نیویۆرک تایمز: ئیلۆن ماسک لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە
نیویۆرک تایمز: ئیلۆن ماسک لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە

2024-11-15 18:24:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایدەگەیەنێت ڕۆژی دووشەممە ئیلۆن ماسک کە چاوەڕوان دەکرێت یەکێک بێت لە کابینەی داهاتووی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ، لە نیویۆرک لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمیر سەعید ئیروانی، کۆبووەتەوە. دەنگی ئەمەریکا تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە. نیویۆرک تایمز لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانییەوە ڕایگەیاندووە، دیدارەکە بە مەبەستی هەوڵدان بووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا. بە وتەی سەرچاوە ئێرانییەکانی کە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە و لە شوێنێکی نهێنیدا ئەنجام دراوە . ئەوان ئەو کۆبوونەوەیەیان بە "ئەرێنی" و "هەواڵێکی خۆش" ناودێر کردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، ستیڤن چۆنگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی ترامپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە ئێمە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە نادەین کە باس لە کۆبوونەوە تایبەتەکان دەکەن کە ڕەنگە ڕوویاندابێت یان ڕوویان نەدابێت. ئیلۆن ماسک وەڵامی داواکاری ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی نەدایەوە بۆ لێدوان. کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی قۆناغی گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ-ڤانس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " گەلی ئەمەریکا سەرۆک ترامپیان هەڵبژاردەوە، چونکە متمانەیان پێی هەیە کە سەرکردایەتی وڵاتەکەمان بکات و لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە ئارامی بۆ جیهان بگەڕێنێتەوە. کاتێک دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی، هەنگاوی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەنێت". چاوەڕوان دەکرێت ئیلۆن ماسک ڕۆڵی فەرمی لە ئیدارەی ترامپ بگرێتە ئەستۆ و لەگەڵ ڤیڤێک ڕاماسوامی سەرکردایەتی ئەو کارە بکەن کە ترامپ ناوی لێنا وەزارەتی کارایی حکومەت. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئامۆژگاری و ڕێنمایی پێشکەش دەکەن بۆ "چالاککردنی چاکسازیی پێکهاتەیی بەرفراوان" لە حکومەتی فیدراڵید.