دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا دەڵێت ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر دیمەشق
2024-11-15 19:50:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا ڕایگەیاند ئیسڕائیل ڕۆژی هەینی لە ناوچەی مەزەی دیمەشقی داوە، ئەمەش دووهەمین هێرشی ئاسمانی لەو جۆرەی ئیسڕائیلە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بۆ سەر ناوچەکە. دەزگای ڕاگەیاندنی سانای سوریا وتی " دوژمنکاری ئیسڕائیل ناوچەی مەزە لە دیمەشق دەکاتە ئامانج." ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژێک لەوەوبەر هەواڵی هێرشێکی ئاسمانی دیکەی بۆ سەر ئەو ناوچەیە بڵاوکردەوە. لە کاتێکدا کە هێرشەکان لە ماوەی جەنگەکەدا لە لوبنان چڕتر دەبنەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی ئیسڕائیل لە ناوەوە و دەوروبەری دیمەشقدا بوونە هۆی کوژرانی 23 کەس، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ. ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری جەنگەکەی ناو سوریا دەکات وتی هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر ناوچەی مەزە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس، هاووڵاتیانی سڤیل و چەکدارانی لایەنگری ئێرانیشیان تێدا بووە. هاوکات لە هێرشێکی ئاسمانی دیکەدا بۆ سەر دەوروبەری دیمەشق 10 چەکداری فەلەستینی کوژراون. بەرپرسانی ئیسڕائیل کە بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشە ئاسمانییەکان دەدەن لە سوریا، بەرپرسیارێتی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی گرتە ئەستۆ و وتی چەکدارانی گروپی جیهادی ئیسلامی فەلەستینییەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکان هاوکات بوون لەگەڵ سەردانی عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری باڵای ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیدا بۆ دیمەشق، کە لەوێ لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددا کۆبووەوە. ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی لەمدواییانەدا لە سوریا چڕتر کردووەتەوە، لە ئێستادا ئەو ناوچانەش دەکاتە ئامانج کە دەکەونە نزیک سنووری لوبنان و بە شێوەیەکی سەرەکی موڵگەکانی حزبوڵا دەکاتە ئامانج. سەرچاوە/ فرانس پرێس