ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز: ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە
2024-11-15 21:05:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق و دیاریکردنی نرخی تازە هەیە بۆ دەرهێنانی نەوت، ئەمەش بە بێ گرفت و ناڕەزایەتی لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران تێ ناپەڕێت. دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عێراق جدییە لە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام پرۆسەکە پێویستی بە ئیجرائاتی هونەری زۆر هەیەو دەبێت دانوستان لەگەڵ تورکیاو کۆمپانیاکانیش بکرێت." لە ڕۆژی 5 ی مانگی 11 ی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق پەسەند کرد، بەپێی هەموارەکە وەزارەتی دارایی عێراق لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجە بڕی 16 دۆلار خەرج دەکات بۆ تێچووی بەرهەمێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم. بە ڕای چاودێران، حکومەتی عێراق لەکاتێکدا ڕەزامەندی لەسەر ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و زیادکردنی نرخی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی دەربڕیووە هەست بە "ئیحراجی" دەکات لەبەردەم ڕای گشتیدا، بەو پێیەی بە بێ بەرامبەر موچە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات. پێشنیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ هەمواری یاسای بودجەو زیادکردنی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەکاتێکدایە، تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە ناوچەکانی خوارووی عێراق نزیکەی 7 دۆلارە، بەڵام تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوتی هەرێم سەرووی 23 دۆلارە. هۆکاری ئەمەش بۆ شاخاوی بوونی ناوچە نەوتییەکانی هەرێم و جۆری گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان دەگێڕدرێتەوە. دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون دەڵێت،"پێشنیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ هەمواری یاسای بودجەو زیادکردنی نرخی دەرهێنانی نەوتی هەرێم ڕووبەڕووی سێ ئاستەنگ دەبێتەوە لە نێو پەرلەماندا، چونکە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەرهێنانی نەوت دەسەڵاتی عێراقەو هیچ باسێکیش لە زیادکردنی نرخی دەرهێنان ناکات، واتە بە پێی بڕیاری دادگا دەبێت دەرهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت هەر لە بنەماوە عیراق ئەنجامی بدایە." هەروەها وتیشی،"ڕەنگە لە کاتی دەنگدان لەسەر هەموارەکە کێشە دروست ببێت، چونکە مەسەلەکە پێویستی بە دانوستان لەگەڵ کۆمپانیاکان و تورکیاش هەیە. پاشان زیادکردنی نرخی دەرهێنانی نەوتیش ڕەنگە ڕووبەڕووی کێشە ببێتەوە لەگەڵ بڕیاری دادگا." کۆمپانیاکانی گەنەڵ ئینەرجی، گۆڵف کیسترۆن، ئێج کەی ئێن و چەندین کۆمپانیای تر بە پێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیانە سەرکارن لە کێڵگە نەوتییەکانی تاوکێ و فیشخاپور، سەرسەنگ و چەمانکێ و کێڵگە نەوتییەکانی تری هەرێمی کوردستان. کۆمپانیا بیانییەکان کە بۆ دەرهێنان و بەرهەمێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، چەند جارێکی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گرێبەستەکانیان گفتووگۆیان ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا ڕێککەوتن ئەنجام نەدراوە. وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت گرێبەستی کۆمپانیاکان هەموار بکاتەوە، چونکە پێیوایە گرێبەستەکان بە جۆرێک ئەنجامدراون لاوازی هەڵوێستی هەرێمیان تێدا قۆستراوەتەوەو پشکیان زیاتر پێدراوە، لەکاتێکدا کۆمپانیاکان دەیانەوێت هەمواری گرێبەستەکان بە جۆرێک بن زۆر جیاواز نەبن لەوەی لەگەڵ هەرێم کردوویانە. محەمەد حسێن، شارەزای بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمپانیاکان بڕیارەکەی حکومەتی عێراقیان ڕەتنەکردووەتەوەو ڕەزامەندیشیان پیشان نەداوە، چونکە ئەو 16 دۆلارەی عێراق دایناوە سابت نییە، بەڵکو دەبێت لە ماوەی دوو مانگدا کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی ڕاوێژکاری بهێنرێت و کێڵگە بە کێڵگەو کۆمپانیا بە کۆمپانیا تێچووی کارەکەیان و بڕی وەبەرهێنانیان دیاری بکات." ئەو وتیشی،"بۆ هەندێک کۆمپانیا تێچووی بەرمیلێک نەوت زیاترە لە 20 دۆلار، بەڵام بۆ هەندێکی تر کەمترە لە 10 دۆلار، دەبێت کۆمپانیا راوێژکارییەکە ئەمە دیاری بکات." بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، 17 ی مانگی 11 ی 2024، لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ هەمواری یاسای بودجەو زیادکردنی نرخی دەرهێنانی نەوت کۆببێتەوە، لە ئێستاوە لە نێو لیژنەکەدا ڕای جیاوازو دژ بە یەک دروستبووە. محەمەد حسێن پێیوایە، هەمواری یاسای سێ ساڵەی بودجەی عێراق لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران تێدەپەڕێنرێت، کە بەشێکی هەموارەکە گۆڕانکاری لە تێچووی بەرهەمهێنان و ناردنە دەرەوەی نەوت زیاد دەکات. ئەو دەڵێت،"جێبەجێکردنی یاسای بودجەو گۆڕانکاری لە نرخی نەوت لە دوای هەموارکردنەوەی یاساکە کەمێک قورسە لە ڕووی تەکنیکییەوە، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی عێراق و هەرێم و نەرمی نواندنی کۆمپانیاکان هەیە، چونکە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەندێک لەو کۆمپانیایانە زۆرە."