هەواڵی کوردستان ئێستا

لە سەرەتای ساڵی 2025دا کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی کۆشکی سپی و کۆنگرێسیش دەکەن

لە سەرەتای ساڵی 2025دا کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی کۆشکی سپی و کۆنگرێسیش دەکەن
لە سەرەتای ساڵی 2025دا کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی کۆشکی سپی و کۆنگرێسیش دەکەن

2024-11-15 23:55:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


لە سێهەمین هەفتەی مانگی یەکی ساڵی 2025وە کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی تەواویی حکومەتی ئەمەریکا دەگرنە دەست، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەچێتە کۆشکی سپی و پارتەکەشی زۆرینەی کورسییەکانییان لە ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە دەستهێناوە. سەرۆکی دووبارە هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن وتی " کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و سینات بەرپرسیارێتییەکیان هەیە. گەلی ئەمەریکا دەیەوێت ئێمە ئەجێندای ' سەرەتا ئەمەریکا ' جێبەجێ بکەین کە لەلایەن ترامپەوە خراوەتەڕوو." لە 20 ی مانگی یەکی ساڵی 2025 دا ترامپ وەکو 47 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا سوێندی یاسایی دەخوات، دوو هەفتە دوای ئەوەی کۆنگرێسی نوێ پێکدێت. ترامپی تەمەن 78 ساڵ کەمپینی لەسەر ئەجێندایەکی بەهێز کردووە کە دیموکراتەکان لە زۆربەی پرسەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بێدەسەڵات دەبن ئەگەر هەندێک لە کۆمارییەکان نەچنە پاڵییان، چونکە کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسدا زۆرینە دەبن. کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتدا 53 کورسییان هەیە، دیموکراتەکان لەو ئەنجومەنەدا 47 کورسییان هەیە، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، جەی دی ڤانسیش دەتوانێت دەنگ بدات ئەگەر لە حاڵەتێکدا لەسەر پڕۆژە یاسایەک دەنگدانەکە 50-50 بێت. لە ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا کۆمارییەکان لانیکەم 218 کورسییان لە کۆی 435 کورسییەکەی ئەنجومەنەکە بە دەستهێناوە، بەڵام هێشتا دەرەنجامی نۆ هەڵبژاردن بۆ خولە دوو ساڵییەکان دەرنەچووە. پارتەکە ڕۆژی چوارشەممە کورسییەکی لە ویلایەتی ئەریزۆنای باشووری ڕۆژئاوا بە دەستهێنا و زۆرینەکەی لە ئەنجومەنەکەدا چەسپاند. لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا، ترامپ داوای کرد ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی لە ئەمەریکا ڕەوانە بکرێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، هەروەها داوای درێژکردنەوە و فراوانکردنی کەمکردنەوەی باجی کردووە کە لە ساڵی 2017 دا واژۆی کردووە و بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2025 دا ماوەکەی بەسەربچێت، داوای ڕێکخستنەوەی زیاتری کارەکان و سنووردانان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی کەش و هەوا و لێپێچینەوە لە ڕکابەرە سیاسییەکانی کردووە، ئەو کەسانەی کە بە " دوژمنی ناوخۆ " ناوییان دەبات. سیناتۆر جۆن ثونی ساوث داکۆتا، کە تازە لەلایەن هاوەڵە کۆمارییەکانییەوە وەکو سەرکردەی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات هەڵبژێردرا، وتی " ئەم تیمەی کۆمارییەکان یەکگرتوون. ئێمە لەسەر یەک تیمین. ئێمە بە پەرۆشەوەین بۆ بە دەستهێنانەوەی زۆرینە و کارکردن لەگەڵ هاوکارانماندا لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکەی سەرۆک ترامپ." ترامپ دڵسۆزەکانی خۆی هەڵدەبژێرێت ترامپ بە خێرایی چەند پۆستێکی گرنگیدا بە کۆمەڵە کەسێکی بە وەفای سیاسیی. ئەو کەسانە بە ئاشکرا پشتگیرییان لە ترامپ کردووە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا کە ترامپ سەرۆک نەبوو، هەروەها زۆربەشییان پێشبینی دەکرێت بە خێرایی لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند بکرێن دوای دانیشتنەکانی پشتڕاستکردنەوە. لەو دانیشتنانەدا سینات ئەو بەرپرسانەی کە سەرۆک جۆو بایدن دایناون دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا سەرکەوتنی بەسەر ترامپدا بە دەستهێنا، لادەبەن و ئەو کەسانە دەخەنە شوێنییان کە ترامپ هەڵیبژاردوون. هەروەها ترامپ داوای لە سەرکردەکانی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات کردووە ڕێگەی بدەن " دامەزراندن بەبێ دانیشتنی پشتڕاستکردنەوە " ئەنجام بدات، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە ئەنجومەنەکە لە دانیشتندا نەبێت و پێویستییەکان بۆ دانیشتنەکانی پشتڕاستکردنەوە کە کات بەفیڕۆدەر و زۆرجار مشتومڕاویین دەسڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە پێدەچێت سەرجەم ئەو کەسانەی کە ترامپ خۆی هەڵیبژاردوون پەسەند بکرێن، ترامپ لەم هەفتەیەدا سێ کەسی دەستنیشان کرد کە دەستبەجێ هەڵسەنگاندنی نەرێنی دیموکراتەکان و هەندێک لە کۆمارییەکانی بە دوای خۆیدا هێنا، لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسانە متمانەپێکراو و بە ئەزموون نین بۆ ئەو پۆستانەی کە بۆیان دیاریکراوە. ئەو سێ کەسەی کە ترامپ دەستنیشانیکردوون ئەمانەن: ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران مات گایتز وەکو وەزیری دادی ئەمەریکا، توڵسی گاباردی ئەندامی پێشووی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس کە بووەتە کۆماری وەکو بەڕێوبەری هەواڵگری نیشتیمانی، پیت هێگسێث ئەفسەری پێشووی سەربازیی و پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز وەکو وەزیری بەرگری. ئەم دەستنیشانکردنانە دەبێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی توند لە ئەنجومەنی سیناتدا، ئەنجومەنەکە پێداچوونەوە دەکات بە دەستنیشانکردنی بەرپرسانی ئاست بەرزدا و دواتر دەنگدانێک دەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەیان، یاخود هەندێک جار دەستنیشانکردنەکانی سەرۆکەکان ڕەت دەکاتەوە و کۆشکی سپی ناچار دەکات بژاردەیەکی دیکە بخاتەڕوو. ڕۆژی پێنجشەممە ترامپ کاندیدی پێشووی سەرۆکایەتی و چالاکوانی دژە ڤاکسین ڕۆبەرت ئێف کێنێدی جونیۆری بۆ سەرکردایەتیکردنی وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان هەڵبژارد، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئاڵوگۆڕی دراو و ئاڵوگۆڕکردن جەی کلیتۆنیشی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە داواکاری گشتی فیدراڵی باڵای مانهاتن، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران دۆوگ کۆڵینزی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببێتە سکرتێری وەزارەتی کاروباری سەربازە دێرینەکان. هەروەها ترامپ یەکێک لە پارێزەرە تایبەتەکانی بەرگری لە تاوانکارییەکانی خۆی، تۆد بلانچی بۆ پۆستی جێگری داواکاری گشتی و یەکێکی دیکە لە پارێزەرەکانی بە ناوی دی جۆن ساوەر بۆ پۆستی پارێزەری گشتی هەڵبژارد. مشتومڕەکان لەسەر گایتز شەوی پێنجشەممە لە بۆنەیەکدا لە مارئالاگۆی ماڵەکەی ترامپ لە فلۆریدا، ترامپ وتی بە نیاز بووە فەرمانڕەوای ویلایەتی نۆرث داکۆتا دۆوگ بورگوم دەستنیشان بکات بۆ سەرکردایەتیکردنی وەزارەتی ناوخۆ. دەستنیشانکردنی گایتزی تەمەن 42 ساڵ بە تایبەتی کێشەیە، هەندێک لە سیناتۆرەکان گومانییان هەیە لەوەی کە بتوانێت 51 دەنگی زۆرینەی ئەنجومەنەکە بە دەستبهێنێت تاوەکو باڵاترین پۆستی جێبەجێکردنی یاسای حکومەت بگرێتە دەست. لێکۆڵینەوەیەکی کۆمیتەی ئیتیکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە دوایین قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەکەیدا بوو لەسەر ئەوەی ئایا گایتز بەشداربووە لە ڕەفتارێکی هەڵەی سێکسی و بەکارهێنانی دەرمانی هۆشبەردا یان نا، بەڵام ڕۆژی چوارشەممە گایتز دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەنجومەنەکە ڕاگەیاند و کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکە هێنا. ئەو وەزارەتی دادەی کە گایتز هیوادارە سەرکردایەتی بکات، پێشتر بڕیاریدابوو کە تۆمەتی ئاڕاستە نەکات. گایتز ڕەتی کردووەتەوە هیچ کارێکی هەڵەی کردبێت. جۆن بۆڵتن، یەکێک لە یەکەمین ڕاوێژکارەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ترامپدا کە لەو کاتەوە بووەتە ڕەخنەگرێکی توند لە ترامپ، لە چاوپێککەوتنێکدا لە کەناڵی ئێن بی سی وتی دەستنیشانکردنی گایتز " ڕەنگە خراپترین دەستنیشان کردن بێت بۆ پۆستێکی حکومەت لە مێژووی ئەمەریکادا." بۆڵتن وتشی دەستنیشانکردنی گابارد " پێکەنیناویی " بووە و " دووەم خراپترین " دەستنیشانکردن بووە. سیناتۆری کۆمارییەکان لیزا مورکۆوسکی ئالاسکا وتی " پێم وانیە ئەوە دەستنیشانکردنێکی جددی بێت بۆ پۆستی وەزیری داد. ئەوە لە مێشکمدا نەبوو." سیناتۆری کۆمارییەکان سوزان کۆڵینزی مەین وتی " توشی شۆک " بووە بەوەی کە ترامپ گایتزی دەستنیشان کردووە بۆ ئەو پۆستە، هاوکات سیناتۆرێکی دیکەی کۆمارییەکان کێڤن کرامەری نۆرث داکۆتا گومانی هەبوو لەوەی کە گایتز پەسەند بکرێت و وتی " دەمەوێت بیر لەوە بکەمەوە." سیناتۆرێکی نوێی دیموکراتەکان، ئاندرو کیم، وتی پێویستی بەوە نیە زانیاری زیاتری دەستبکەوێت لە دانیشتنی پشتڕاستکردنەوەکەدا لەسەر گایتز چونکە دژی گایتز دەنگ دەدات. هەندێک لە هاوەڵە کۆمارییەکانیشی حەزییان لە گایتز نیە، ئەوەش بەهۆی ڕۆڵی سەرەکی گایتزەوە لە هەوڵە سەرکەوتووەکەی ساڵی ڕابردوودا بۆ دوورخستنەوەی کێڤن مککارثی کۆماریی کە ئەو کاتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بوو. ترامپ داکۆکی لە دەستنیشانکردنی گایتز کرد و وتی " خۆی بە جیاوازی دەرخستووە لە کۆنگرێسدا لە ڕێی سەنگ خستنەسەر بە دەستهێنانی ئەو چاکسازییەی کە زۆر پێویستە لە وەزارەتی داددا و گەندەڵییە بۆ ڕێکخراوەکەی ناو وەزارەتەکە بنەبڕ دەکات." هاوکات، گاباردی تەمەن 43 ساڵ، هێرشی کراوەتە سەر لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ ئەزموونی نیە لە هەواڵگریدا و تۆمەتبار کراوە بەوەی کە زانیاری لایەنگری ڕووسیای بڵاوکردووەتەوە. ئەگەر گابارد بۆ پۆستی سەرۆکی هەواڵگری نیشتیمانی پەسەند بکرێت، ئەوا دەبێتە سەرپەرشتی 18 دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا. ترامپی بەلای خۆیدا ڕاکێشا بەوەی کە پێشتر ئەندامی دیموکراتەکان بووە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا و دواتر بووەتە کۆماریی و بە شێوەیەکی سەرسەخت پشتگیری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ دەکرد. ترامپی ئامادەکرد بۆ دیبەیتەکەی دژی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس، ئەو دیموکراتەی کە لە هەڵبژاردنەکانی 5 ی مانگی یانزەدا شکستی هێنا. ڕەخنەگران هێرشییان کردووەتە سەر هێگسێثی تەمەن 44 ساڵ کە پێشتر ئەفسەرێکی سەربازیی بووە، دەڵێن کەسێکە کە ئەزموونی بەڕێوەبردنی نیە لە سوپا و لە جیهانی کاریشدا. پێشکەشکارێکی کۆتایی هەفتەیە لە فۆکس نیوز، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەربڕیوە، هاوکات دژایەتی خزمەتی ژنانی کردووە لە شەڕدا، وتوویەتی ژنان ئەو هێز و توانایەی پیاوانییان نیە. داوای لە ترامپیش کردووە لەو سەربازانە خۆش ببێت کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار کراون. ترامپ هێگسێثی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەستنیشان کردووە. پێشبینی دەکرێت هێگسێث ڕووبەڕووی دژایەتی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سینات ببێتەوە لە کاتێکدا کە دەنگدان دەکرێت لەسەر پەسەند کردنی، هەندێک لە کۆمارییەکانیش نیگەرانن لە بارەی هێگسێثەوە. نەوەی خێزانی سیاسیی کەنەدی، ڕۆبەرت ئێف کەنەدی تەمەن 70 ساڵ یەکێک بووە لە هەرە دیارترین کەسایەتییەکان کە دژی ڤاکسینەکان وەستاوەتەوە. لە مانگی 10 دا ترامپ لە گردبوونەوەیەکدا وتی ئەگەر جارێکی دیکە وەکو سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ڕێگە دەدات کەنەدی سەرپەرشتی تەندروستی گشتی بکات. هەفتەی ڕابردوو کەنەدی وتی " دەستبەجێ " دەست دەکات بە توێژینەوە لە پارێزراویی ڤاکسینەکان. هەروەها بەڵێنیداوە بە فەڕمی داوا لە ویلایەت و شارەوانییەکان بکات فلۆراید لە ئاوی گشتیدا لاببەن. پارێزەرێک لە سۆلیڤان و کرۆموێڵ، کلەیتنی تەمەن 58 ساڵ، وەکو دادوەری ئەمەریکا بۆ ناوچەی باشووری نیویۆرک دەستنیشان دەکرێت، کە ئەو ئۆفیسە بە شەریفی واڵ ستریت ناسراوە. هەرچەند ئۆفیسەکە زۆرجار بەرپرسە لە چاودێریکردنی ساختەکاری دارایی، کلەیتن خۆیشی ئەزموونی داوەری نیە. لە کاتێکدا کە لە سۆلیڤان و کرۆموێل بووە، کلەیتن لەوێ سیاسییەکی سەربەخۆ بووە، ناوبانگی بەوە دەرکردووە کە هەوڵیداوە سازش بدۆزێتەوە لەگەڵ کۆمسیارە دیموکراتەکانی دەزگاکەدا. دۆوگ کۆڵینزی تەمەن 58 ساڵ لە ساڵی 2013-2021 لە کۆنگرێس خزمەتی کردووە و لە هەڵبژاردنەکانی سیناتۆری جۆرجیادا لە ساڵی 2020 دا خۆی کاندید کرد و سەرکەوتوو نەبوو. بلانچی تەمەن 50 ساڵ لە چەندین دۆسییەی تاواندا دژی ترامپ نوێنەرایەتی ترامپی کردووە. پارێزەرەکە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە تیمی بەرگری ترامپدا لە دۆسییەکانی پارەدان بۆ بێدەنگکردن و دۆسییەی بەڵگەنامە نهێنییەکان. ترامپ لە دۆسییەی پارەدانەکەدا تاوانبار کرا، ئەو دۆسییەی دیکەش لە هاوینی ڕابردوودا دادوەرەکە هەڵیوەشاندەوە. بلانچ ڕۆڵی هەبووە لە دۆسیەی فیدڕاڵدا دژی ترامپ، کە پەیوەست بوو بە ڕووداوەکانی 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 دا، کە تێیدا هەوڵدرا دزە بکرێتە ناو کاپیتۆڵی ئەمەریکاوە. ساوەری تەمەن 50 ساڵیش پێشتر پارێزەری گشتی بووە لە میزۆری، سەرکەوتووانە توانی بەرگری لە ترامپ بکات لەبەردەم دادگای باڵای ئەمەریکادا، دادگاکە فەرمانێکی دەرکرد لە بەرژەوەندی ترامپ و سەرۆکەکانی دواتری ئەمەریکا بوو و تێیدا ڕایگەیاند کە سەرۆکەکان نابێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو کارانەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکانییاندا ئەنجامییان داون. بورگومی تەمەن 76 ساڵ لە شارۆچکەیەکی بجووکی نۆرث داکۆتا گەورە بووە و ماستەری هیناوە لە بەڕێوەبردنی کاردا لە زانکۆی ستانفۆرد. چووەتە نێو ئیشی سۆفتوێر و سەرکردایەتی کۆمپانیای گرەیت پلەینس سۆفتوێری کردووە تاوەکو ئەو کاتەی کە مایکرۆسۆفت لە ساڵی 2021 دا ئەو کۆمپانیایەی کڕی. دواتر چووە ناو سیاسەتەوە، خۆی بۆ فەرمانڕەواییکردن هەڵبژارد و لە یەکەمین هەوڵیدا سەرکەوتوو بوو. دەستنیشانکردنەکانی ترامپ بۆ پۆستە گرنگەکانی دیکەی کابینەکەی لەلایەن کۆمارییەکانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو پێشوازییان لێکراوە، لەوانەش: بەڕێوبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی سوزی وایڵز بۆ پۆستی سەرۆکی دەستەی ستافی کۆشکی سپی، سیناتۆر مارکۆ ڕوبیۆی فلۆریدا وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک واڵزی ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی. ترامپ ڕۆژی چوارشەممە بە سەرکەوتوویی گەڕایەوە واشنتن، بەڵێنی گۆڕانێکی ئاسایی دەسەڵاتی کرد لە مانگی یەکدا کاتێک بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆبووەوە. ڕاپۆرتی کێن برێدێمایەر/ دەنگی ئەمەریکا