هەواڵی کوردستان ئێستا

لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە بەیروت وتەبێژەکەی حزبوڵا دەکوژرێت

لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە بەیروت وتەبێژەکەی حزبوڵا دەکوژرێت
لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە بەیروت وتەبێژەکەی حزبوڵا دەکوژرێت

2024-11-17 21:35:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕۆژی یەکشەممە لە یەکەمین هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ناوەڕاستی بەیروت دوای زیاتر لە یەک مانگ وتەبێژی باڵای گروپی چەکداریی حزبوڵا کوژرا، هاوکات بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکانیش پێشتر ئاماژەیان بەوەدا کە لە هێرشەکانی ئیسڕائیلدا 12 کەس لە غەززە کوژراون. بەرپرسێکی حزبوڵا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی وتەبێژی حزبوڵا محەمەد عەفیف لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە بەیروت کوژراوە. دوای زیادبوونی هێرشەکانی ئیسڕائیل لە لوبنان، عەفیف بە تایبەتی دیار بووە. ئەمەش دوابەدوای کوشتنی سەرکردەی حزبوڵا حەسەن نەسڕوڵا دێت کە ئەویش بە هەمان شێوە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا کوژرا. هێرشە ئاسمانییەکە بینایەکی کردووەتە ئامانج لە بەیروت کە خاوەنەکەی عەرەبێکی حزبی بەعس بووە. وێنەگرێکی ئەسۆشیەتد پرێس لە شوێنی ڕووداوەکە چوار لاشەی بینیوە و چوار برینداریش هەبوون. پێش هێرشەکە کە بووە هۆی کوژرانی عەفیف، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل بۆردومانی گەڕەکەکانی باشووری بەیروتییان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسڕائیل خەڵکەکەی لە چەندین بینا ئاگادار کردەوە کە چۆڵی بکەن. حزبوڵا بوونێکی بەهێزی لەو ناوچەیەدا هەیە کە بە زاحیە ناسراوە، هێرشە ئاسمانییەکانیش لە کاتێکدا بوون کە بەرپرسانی لوبنان بیر لە پێشنیارێکی ئاگربەست دەکەنەوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە هێرشە ئاسمانییەکانیشدا بۆ سەر غەززە، ئیسڕائیل شەش کەسی لە کامپی پەنابەرانی نوسیرەت و چوار کەسی دیکەی لە کامپی پەنابەری بورێجی کوشتووە. نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە شاری دەیرەلبەلای ناوەڕاستی غەززە وتی دوو کەسی دیکە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر ڕێگای خێرای نێوان باکوور و باشوور کوژراون، نەخۆشخانەکە 12 لاشەی وەرگرتووە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز