بەڕیتانیا سزا بەسەر هێڵی ئاسمانی ئێران و IRISL دا دەسەپێنێت لەسەر گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی بۆ ڕووسیا
2024-11-18 21:00:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ڕۆژی دووشەممە بەڕیتانیا سزای بەسەر هێڵی ئاسمانی نیشتیمانی ئێران و دەزگای هێڵەکانی گواستنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران " IRISL " دا سەپاند، وتیشی سزاکان وەکو وەڵامێکن بۆ گواستنەوەی موشەکی باڵیستیکی لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیا. بەڕیتانیا ڕایگەیاند هێڵی ئاسمانی ئێران ئێری سەر بە دەوڵەت و IRISL ڕووبەڕووی سڕبوونی سەرمایەکانییان دەبنەوە بەهۆی گواستنەوەی چەکەوە بۆ ڕووسیا تاوەکو لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا لە ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت. وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دەیڤد لامی وتی " هەوڵەکانی ئێران بۆ ئەوەی ئاسایشی جیهان بخاتە مەترسییەوە مەترسیدارن و جێی قبووڵکردن نین. جەخت لە داواکەمان دەکەینەوە لە ئێران بۆ ڕاگرتنی پشتیوانییەکانی بۆ جەنگە نایاساییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا." سزاکان کۆتوبەندی زیاتر دروست دەکات لەسەر گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی هیڵی ئاسمانی ئێران بۆ بەڕیتانیا و بە پێچەوانەشەوە. بەڕیتانیا سزای بەسەر کەشتی بارهەڵگری ڕووسیایی PORT OLYA-3 شدا سەپاند لەسەر ڕۆڵی کەشتییەکە لە گواستنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکاندا بۆ ڕووسیا. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز