هەواڵی کوردستان ئێستا

کۆشکی سپی: ئەمەریکا پێگەی ئەتۆمی خۆی ناگۆڕێت دوای ئەوەی ڕووسیا پێوەرەکانی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم کەمکردەوە

کۆشکی سپی: ئەمەریکا پێگەی ئەتۆمی خۆی ناگۆڕێت دوای ئەوەی ڕووسیا پێوەرەکانی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم کەمکردەوە
کۆشکی سپی: ئەمەریکا پێگەی ئەتۆمی خۆی ناگۆڕێت دوای ئەوەی ڕووسیا پێوەرەکانی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم کەمکردەوە

2024-11-19 22:15:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


کۆشکی سپی دەڵێت ئەمەریکا توشی سەرسوڕمان نەبووە بەوەی کە ڕووسیا پێوەرەکانی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کەمکردووەتەوە و پلانیشی نیە وەکو وەڵامێک بۆ ئەوە پێگەی ئەتۆمی خۆی بگۆڕێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەکو چۆن پێشتر لەم مانگەدا وتمان، ئێمە توشی سەرسوڕمان نەبووین بە ڕاگەیاندنەکەی ڕووسیا لەسەر ئەوەی کە سیاسەتی ئەتۆمییان نوێ دەکەنەوە، ڕووسیا چەندین هەفتەیە ئاماژە دەدات لەسەر نیازەکانی بۆ نوێکردنەوەی سیاسەتەکەی." ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی پێوەرەکانی کەمکردووەتەوە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، وتیشی ئەو کارەی وەکو وەڵامێک بووە بۆ هێرشێکی بەرفراوانتری ئاسایی، مۆسکۆش وتی ئۆکرانیا بە موشەکی ئەمەریکایی ATACMS لە ڕووسیای داوە. ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا وتیشی " هیچ گۆڕانکارییەکمان نەبینیوە لە پێگەی ئەتۆمی ڕووسیادا، هیچ هۆکارێکمان نەبینیوە بۆ ئەوەی پێگە یاخود سیاسەتی ئەتۆمیمان بگۆڕین لە وەڵامی بەیاننامەکەی ئەمڕۆی ڕووسیادا." سیاسەتە نوێیەکەی ئەتۆمی ڕووسیا، چوارچێوەیەک دادەنێت بۆ ئەو هەلومەرجانەی کە لە ژێرییاندا پوتن دەکرێت فەرمان بکات بە هێرشێکی ئەتۆمی، ڕۆژی سێشەممە ئەو گۆڕانکارییە لە سیاسەتەکەدا لەلایەن پوتنەوە پەسەند کرا. سیاسەتەکە دەڵێت هەر هێرشێک لەلایەن وڵاتێکەوە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت و لەلایەن وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمییەوە پشتیوانی لێبکرێت، بە هێرشێکی هاوبەش سەیر دەکرێت، هەر هێرشێکیش لەلایەن ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە بۆ سەر ڕووسیا وەکو هێرشی سەرجەم ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە بۆ سەر ڕووسیا سەیر دەکرێت. چەندین مانگە ڕووسیا هۆشداری دەدات بە ڕۆژئاوا و دەڵێت ئەگەر ئەمەریکا ڕێگە بە ئۆکرانیا بدات چەکە ئەمەریکایی و بەڕیتانیایی و فەڕەنساییەکان بەکاربهێنێت بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو قووڵایی ڕووسیا، ئەوا مۆسکۆ ئەو وڵاتانەی ناتۆ وەکو بەشداربوویەکی ڕاستەوخۆ لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا سەیر دەکات. کۆشکی سپی وتی ئەو لێدوانانەی ڕووسیا نابەرپرسانەن. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ئۆکرانیا بە شەش موشەک هەرێمی بریانسکی ڕووسیای کردووەتە ئامانج و پێنج لەو موشەکانە خراونەتە خوارەوە و زیانی بە دانەیەکیشیان گەیاندووە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز