ئەمەریکا سزا بەسەر 6 بەرپرسی حەماس دەسەپێنێت کە سێیانیان لە تورکیادان
2024-11-19 22:15:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند وڵاتەکەی سزای بەسەر 6 گەورە بەرپرسی حەماسدا سەپاندووە، ئەمەش وەک فشارێکی زیاتر بۆ سەر حەماس لە کاتێکدا ئەمەریکا هەوڵی گەیشتن بە ئاگربەستێک بۆ شەڕی غەززە دەدات و دەیەوێت بارمتەکانی ئیسرائیل ئازادبکرێن. بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە، 3 کەسیان دانیشتووی تورکیان، ئەوانیش عەبدولڕەحمان ئیسماعیل غنیمات، ئەندامی پێشووی باڵی چەکداری حەماسە و دەستی هەبووە لە کاری تێرۆرستی لەوانە تەقاندنەوەی کافتریایەک لە تەل ئەبیب لە ساڵی 1997 ، موسا داوود محەمەد عەکاری، کاربەدەستێکی باڵای حەماسە و لە تورکیاوە کارئاسانی دەکات بۆ ناردنی پارە بۆ حەماس لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا، هەروەها تاوانبارە بە ڕفاندن و کوشتنی پاسەوانانی سنووری ئیسرائیل. سەلامە مەرعی، کاربەدەستێکی دیکەی حەماسە و ئەویش لە تورکیاوە کارئاسانی دەکات بۆ ڕەوانەکردنی پارە بۆ حەماس، ناوبراو پێشتر زیندانیکرابوو لەسەر ئەو ڕۆڵەی بینیبووی لە هێرشێکدا لە ساڵی 1993 لە کەناری ڕۆژئاوا و بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی ئیسرائیلی. 3 کەسەکەی دیکە، بریتین لە محەمەد نەزال، بەرپرسێکی حەماسە و ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە کار بۆ ئەم گروپە دەکات. باسم نەعیم، ئەندامێکی ناسراوی حەماسە و کار لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەکات. غازی حەمەد، سەرکردەیەکی کۆنی حەماس و لە غەززەیە و ڕۆڵی هەبووە لە بە قاچاغبردنی چەک و کەلوپەلی لێدانی تونێل بۆ ناو غەززە و هەروەها لە بەشی پرۆپاگەندەی گروپەکە کاری کردووە. وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی سزاکان نوێنەرانی حەماسیان لە دەرەوە کردووەتە ئامانج، ئەندامێکی باڵای باڵی سەربازیی حەماس و ئەوانەی کە بەشداربوون لە پشتیوانیکردن لە کۆکردنەوەی پارەدا بۆ حەماس و ئەوانەشی کارئاسانییان کردووە بۆ هێنانی چەک بە قاچاخ بۆ ناو غەززە، کراونەتە ئامانج. جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگریی برادلی سمیث وتی " حەماس بەردەوامە لە پشتبەستن بەو بەرپرسە گرنگانەی کە بە ئاشکرا نوێنەرایەتی گروپەکە دەکەن و بە ڕەوایی خۆیان پیشان دەدەن، بەڵام کارئاسانی دەکەن بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانییان، نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانییان دەکەن لە دەرەوە و هەماهەنگی دەکەن بۆ گواستنەوەی پارە و شتومەک بۆ ناو غەززە." وتیشی " خەزێنە پابەندە بە تێکدانی هەوڵەکانی حەماسەوە بۆ بە دەستهێنانی داهاتی زیادە و لێپێچینەوە لەوانەی کارئاسانی دەکەن بۆ چالاکییە تیرۆریستییەکانی گروپەکە." خەزێنە وتی لە نێو ئەوانەدا کە کراونەتە ئامانج عەبدلڕەحمان ئیسماعیل عەبدلڕەحمان قانیماتی تێدایە، کە لە مێژە ئەندامی باڵی سەربازیی حەماسە و ئێستا لە تورکیا دادەنیشێت، تۆمەتباری کردووە بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە چەندین هەوڵ و کردەوەی سەرکەوتووی تیرۆریستیدا. خەزێنە وتی ئەوانی دیکە کە کراونەتە ئامانج بریتین لە دوو بەرپرسی دیکەی حەماس کە بە هەمان شێوە لە تورکیا دادەنیشن، ئەندامێکی دیکەیان لە غەززە کە بەشدار بووە لە گفتوگۆکانی حەماس لەگەڵ ڕووسیادا و سەرکردەیەکیش کە مۆڵەتی پێدراوە بە ئاشکرا لە بری گروپەکە قسە بکات و پێشتریش سەرپەرشتی خاڵە سنوورییەکانی کردووە لە غەززە. ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا هۆشداریدایە تورکیا دژی میوانداریکردنی سەرکردایەتی حەماس، وتی واشنتن پێی وایە نابێت سەرکردەکانی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بە ئیسراحەتی بژین. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا هەندێک لە سەرکردەکانی حەماس لە قەتەڕەوە گواستوویانەتەوە بۆ تورکیا یان نا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیۆ میڵەر ئەو هەواڵانەی پشتڕاست نەکردەوە و وتی لە پێگەیەکدا نیە بۆ قسەکردن لەو بارەیەوە. وتیشی واشنتن بۆ حکومەتی تورکیای ڕوون دەکاتەوە کە نابێت شتەکان وەکو پێشووتر بن لەگەڵ حەماسدا. چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتە گرت، ئەوەش بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل. لە وەڵامی ئەو هێرشەدا جەنگ لە غەززە هەڵگیرسا و بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن زیاتر لە 43,500 فەلەستینی کوژراون، غەززەش خاپوور بووە و زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیش لە خێمەیا دەژین و ڕووبەڕووی کەمی خۆراک و دەرمان بوونەتەوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز