English | عربي

كۆشكى وه‌سمان پاشای جاف له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ چاوەڕێی نۆژەنکردنەوەیە


كۆشكى وه‌سمان پاشای جاف له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ چاوەڕێی نۆژەنکردنەوەیە

2019/04/11 | 15:40

(هەواڵ كوردستان)-  

ئه‌م كۆشكه‌ یه‌كێكە له‌ شوێنه‌ مێژووییه‌كانى شاری هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ بۆ سه‌رده‌مى عوسمانییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن وه‌سمان پاشاى جاف، سه‌رۆكى هۆزى جاف، كه‌ قائیمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ له‌ ساڵى 1893 بۆ 1901، دروست كراوه‌.

ئه‌م شوێنه‌ كه‌له‌پوورییه‌ بینایه‌كى چوارگۆشه‌یه‌، كه‌ له‌سه‌ر رووبه‌رى 784مه‌تری دووجا دروست كراوه‌، به‌ڵام ئێستا پاشماوه‌ى زه‌وییه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ درێژیى هه‌ر لایه‌كى 93 مه‌تر و پانیى 40 مه‌تر و كه‌وتووەته‌ به‌شی رۆژهه‌ڵاتى شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و نزیكه‌ له‌ باخى گشتى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شاره‌وانیى ئه‌و شاره‌، به‌ڵام به‌هۆى نه‌پاراستن و كه‌متەرخه‌میی به‌رپرسه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و هه‌روه‌ها نه‌بوونى هۆشیاریی شوێنەوارپارێزی له‌ لایه‌ن زۆربەی خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌م شوێنه‌واره‌ تووشى رووخان و تێكچوون بووه‌.

كاروان ئیسماعیل عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وارى هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌باره‌ت به‌ گرنگیى ئه‌م شوێنه‌ ده‌ڵێت: "كۆشكى وه‌سمان پاشای جاف، له‌ رووى مێژووییه‌وه‌ نه‌بووەته‌ شوێنه‌وار، به‌ڵام له‌به‌ر گرنگى له‌ ڕووى شێوازى بیناسازى و دیزاین و دروستكردنی له‌ لایه‌ن یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ گرنگ و به‌ناوبانگه‌كانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌، ده‌كرێ حیسابى شوێنه‌وارى بۆ بكرێت و له‌داهاتوودا ببێته‌ شوێنێك بۆ راكێشانى گه‌شتیار بۆ ئه‌و شاره‌".

هه‌ر له‌سه‌ر پرۆژه‌كانى داهاتووى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شوێنه‌وارى هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و پاراستنى ئه‌م كۆشكه‌، كاروان ئیسماعیل ئاماژه‌ به‌ كاره‌كانى پێشووى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شوێنه‌وارى سلێمانى ده‌كات و ده‌ڵێ: "له‌ ساڵی 2012دا له‌ بودجه‌ی په‌ره‌پێدانى هه‌رێمه‌كان، بڕى 500 ملوێن دینار وه‌كوو قۆناخى یه‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ ته‌رخان كرا و له‌ ساڵى 2015 بڕى 190 ملیۆن دینار له‌و پاره‌یه‌ راكێشرا و توانرا دیزاینى ته‌واوى كۆشكه‌كه‌ بكرێت و به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌ زانستییه‌ى كه‌ بۆى كرا، بناغه‌ى كۆشكه‌كه‌ دیارى كرا و دیزاینیشى بۆ كرا، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ پێداویستیی سه‌ره‌تایی بۆ ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌كه‌ ئاماده‌ كران و بناغه‌كه‌یشی هه‌ڵكه‌ندرا، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى دارایی، نه‌توانرا بەردەوامیی به‌ پرۆژه‌كه‌ بدرێت".

هه‌رچه‌ندە كۆشكى وه‌سمان پاشای جاف به‌ شوێنێكى مێژوویی داده‌نرێت، به‌ڵام ئێستا بووه‌ته‌ موڵكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شاره‌وانیى هه‌ڵه‌بجه‌ و پلانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى له‌ لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیى شاره‌وانیى ئه‌م شاره‌وه‌ داڕێژراوه‌ و جێبه‌جێ ده‌كرێت.

كوێستان شێخ ئه‌كره‌م، سه‌رۆكى شاره‌وانیى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتى: "له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و موڵكه‌ هى ماڵى پاشا بوو، واتا میراتى ماڵى (ئه‌حمه‌د به‌گى موختار به‌گى جاف) بوو، كه‌ ده‌كاته‌ كوڕى عادیله‌ خانمى خێزانى وه‌سمان پاشا، به‌ڵام دواتر ئێمه‌ وه‌كوو شاره‌وانیى هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌و موڵكه‌مان له‌ میراتگرانى وه‌سمان پاشا كڕى و به‌ ناوى سه‌رۆكایه‌تیى شاره‌وانیى هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمار كرا".

سه‌رۆكى شاره‌وانیى هه‌ڵه‌بجه باسى كاره‌كانى دواى كڕینى موڵكه‌كه‌ ده‌كات و دانانى پەرژین و دیاریكردنى سنوورى كۆشكه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌م هه‌نگاو داده‌نێت و ده‌ڵێ: "مه‌به‌ست له‌م كاره‌، پاراستنى ئه‌م شوێنه‌ له‌ زیاده‌ڕۆیى له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ و رێگریى له‌ فڕێدانى زبڵ و خاشاك له‌ لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ بوو".

پاككردنه‌وه‌ به‌ قۆناخى دووه‌مى پرۆژه‌كه‌ داده‌نرێت، كه‌ به‌ وته‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانیى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕی 25 ملیۆن دینارى بۆ ته‌رخان كرابوو، به‌ڵام ئه‌م قۆناخه‌ به‌ته‌واوه‌تى جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و هۆكاره‌كه‌یشى به‌ كێشه‌ى دارایی داده‌نرێت.

كوێستان شێخ ئه‌كره‌م روونیشی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ كاتى ئه‌نجامدانى ئه‌م قۆناخه‌ پێش دامه‌زراندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شوێنه‌وارى هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ و ئه‌وان وه‌كوو تیمى جێبه‌جێكارى پرۆژه‌كه‌ ناچار كراون پسپۆرى شوێنه‌وارى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى شوێنه‌وارى سلێمانییه‌وه‌ داوا بكه‌ن، ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌شی هه‌موو پرۆژه‌كه‌ى نه‌كردووه‌ و به‌ هاتنى قه‌یرانی ئابوورى بۆ هه‌رێمى كوردستان، پرۆژه‌كه‌ به‌ناته‌واوى ماوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى شوێنه‌ مێژوویی و شوێنه‌وارییه‌كان ده‌بێ به‌پێی دیزاینە كۆنه‌كه‌ی شوێنه‌كه‌ و به‌كارهێنانى هه‌مان ماده‌ و كه‌ره‌سته‌ بێت، كه‌ پێشتر بۆ یه‌كه‌م جار بۆ دروستكردنى بیناكه‌ به‌كارهاتووه‌، بۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌كارهێنانى وێنه‌ى كۆن باشترین رێگایه‌ بۆ دیاركردنى شێوه‌ و دیزاینى شوێنه‌كه‌، به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ى مێژووى كۆشكى وه‌سمان پاشای جاف بۆ كه‌متر له‌ دوو سه‌ده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دیاریكردنى شێوه‌ كۆنه‌كه‌ى له‌ رێگاى وێنه‌وه‌ كارێكى گونجاو و ئاسانه،‌ بۆیه‌ به‌ گوته‌ى به‌رپرسی شاره‌وانیى هه‌ڵه‌بجه،‌ پێش ئه‌نجامدانى پرۆژه‌كه ئه‌وان ئه‌م قۆناغهیان جێبەجی کردووە‌ و داوایان له‌ خه‌ڵك و كه‌سایه‌تى و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌ بۆ ناردنى وێنه‌ى كۆنى ئه‌م شوێنه‌، بۆ دیاریكردنى دیزاینه‌ كۆنه‌كه‌ى ئه‌م كۆشكه‌.

حه‌میده‌خانى كچی بچووكى ئه‌حمه‌د موختار جاف، كه‌ سه‌رده‌مێك له‌نێو ماڵى پاشادا ژیاوه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری (به‌كراوا) باسی شێوازى كۆشكه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ: "ئه‌م كۆشكه‌ پانیى هه‌ر دیوارێکى مه‌ترێك بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ سێ نهۆم پێكهاتووه‌، نهۆمى یه‌كه‌م له‌ چوارده‌ ژوور پێكهاتووه‌، وه‌ك مه‌تبه‌خ و جێگه‌ى میوان و پاسه‌وان، نهۆمى دووه‌م له‌ دوازده‌ ژوور پێكهاتووه‌، ئه‌و ژوورانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ به‌ ئاوێنه‌ كراون، هه‌ر ژوورێك به‌ ره‌نگێك كراوه‌ و له‌ هه‌ر ژوورێكدا قوبه‌یه‌ك هه‌بووه‌، كه‌ پێیان ده‌گوت چل چرا و هه‌مووى ڕووسی بوو، هه‌روه‌ها ئه‌م ژوورانه‌ له‌سه‌ر داڵانێك بوون كه‌ شێوه‌ى كه‌وانه‌یى بوو، كه‌ دوو ده‌رگای گه‌وره‌ى هه‌بووه‌، نهۆمى سێیه‌م به‌ به‌رزیى مه‌ترێك، وه‌ك ژووره‌كانى خواره‌وه‌ دروست كراوه‌، ئه‌میش به‌ خشتى سوور كراوه‌ته‌ دیوار، ئه‌م نهۆمه‌ بۆ ژیان نه‌كرابوو، ته‌نیا بۆ پاراستنى نهۆمه‌كانى تر بووه‌".

ئێستا به‌شێكى زۆر بچووك له‌ شوێنه‌وارى كۆشكه‌كه‌ ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك پێویست نییه‌ و نه‌پارێزراوه‌، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانى نه‌پاراستنى شوێنه‌وار له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، رووداوه‌ سیاسییه‌كان بووە، وه‌كوو چه‌ندین جار بۆردومان و كیمیابارانكردن و ئاواره‌بوونى خه‌ڵكى ئه‌م ناوچه‌یه‌، كه‌ نه‌ته‌نیا هۆكارى نه‌پاراستنی شوێنه‌واره‌كان بووه‌، به‌ڵكوو هۆى تێکدان و تێكچوونیشی بووه‌.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending