پارێزەران دەڵێن قەدەغەی نوێی لەسەر چاوپێکەوتنی عەبدوڵا ئۆجەلان دانراوە
2024-11-21 20:03:15 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەندیکای یاسایی ئەسرین ڕایگەیاند، قەدەغەکردنی نوێ بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەرچووە. بەگوێرەی ئەو ڕاگەیاندنە لە 6ی ئەم مانگە بڕیار دراوە ئۆجەلان کە لە ساڵی 1999ەوە لە زیندانی ئیمرالیدایە، بۆ ماوەی 6 مانگ هیچ دیدارێکی لەگەڵ هیچ پارێزەرێک نەبێت. پارێزەرانی ئۆجەلان باس لەوە دەکەن کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان پێنەدراوە سەبارەت بە هۆکاری قەدەغەکردنی دیدار و تانەکانیان لە دادگای باڵای تاوانەکانی بورسا ڕەتکراوەتەوە. پارێزەران دەڵێن، لە دادگای دەستوریدا داوای پێداچوونەوە لەسەر بڕیاری قەدەغەکردنەکە دەکەن. ڕۆژی 22ی مانگی دە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) داوای لە ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات. بانگەوازەکەی باخچەلی لە کارنامەی تورکیادا دەنگیدایەوە و گفتوگۆ لەسەر پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی هەبوو. عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (پارتی دەم) کە برازای عەبدوڵا ئۆجەلانە، دوای بانگەوازەکەی باخچەلی ڕایگەیاند، چاوی بە سەرۆکی پەکەکە کەوتووە. عومەر ئۆجەلان لە 24ی مانگی دە لە تویتێکدا ڕایگەیاند ئێمە وەک خێزانێک چاومان بە یەک کەوتووە و لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی پێشهاتە سیاسییە گشتییەکانمان کردووە. گوتیشی"داوای کرد ئەم پەیامە بگەیەنمە ڕای گشتی كە، گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و تووندوتیژییەوە بگۆڕم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی". شایانی باسە لە مانگی 3ی ساڵی 2020 وە ئەمە یەکەم جار بوو چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بکرێت. سەرچاوە: ئاژانسی میزۆپۆتامیا، دەنگی ئەمەریکا، ئێن تی ڤی