هەواڵی کوردستان ئێستا

دکتۆرە بەهار مەحموود: یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە عێراق ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان کەم بکاتەوە

دکتۆرە بەهار مەحموود: یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە عێراق ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان کەم بکاتەوە
دکتۆرە بەهار مەحموود: یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە عێراق ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان کەم بکاتەوە

2024-11-21 20:50:26 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ئەندامێکی لیژنەی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە بە پێی یاسا لەسەر بنەمای کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارەی دەنگدەر دیاری کراوە، بەڵام نەبوونی دەستور لە هەرێمی کودستاندا یەکێکە لەو مەترسیانەی کە لە ڕێگەیەوە حکومەتی عێراق دەتوانێت ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە، بەو پێیەی دەستوری عێراق ژمارەی کورسی پەرلەمانی عێراقی بە سەد هەزار دەنگدەر دیاری کردووە، بۆیە پێدەچیت لە داهاتوودا ئەم بڕگەیەی دەستور لەسەر هەرێمیش جێبەجێ بکرێت. دکتۆرە بەهار مەحموود، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و ئاندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە خولەکانی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەو یاسایانەی هەرێم کە پێیان دەوترێت یاسای سروشت دەستوریی هاتووە کە ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگدەر دیاری دەکرێت، واتە ژمارەی دەنگدەر دابەشی ژمارەی کورسی دەکرێت تا ڕێژەی دەنگدەر دەربهێندرێت بۆ هەر کورسیەک، ئەمەش لە نەبوونی دەستورە لە هەرێمدا کە دەبوو ژمارەی دەنگ بۆ هەر کورسیەک جێگیر بێت." وتیشی،" دەستوری عێراق ڕێگر نییە لەوەی کە دەبێت هەرێمیش پەیڕەوی دەستوری عێراق بکات، کە بە پێی دەستوری عێراق بۆ هەر کورسیەک 100 هەزار دەنگدەر دیاریکراوە، بۆیە نەبوونی دەستور بۆتە هۆی مەترسی ڕەنگە بڕیاری کەمکردنەوەی کورسیەکانی هەرێم جێبەجێ بکرێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیەوە." هەرچەندە بە پێی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە(1)ی ساڵی(1992)بۆ هەر(30) هەزار دەنگدەر یەک کورسی دانراوە، بەڵام بەو پێیەی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان جێگیرە کە خۆی لە 100 کورسیدا دەبێنێتەوە لەو ژمارەیەش بە پێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی 5 کورسیان هی پێکهاتەکانە، ژمارەی دەنگدەر بۆ هەر کورسیەک ناجێگیرە و لە هەر هەڵبژاردنێکدا پشت بەش کۆی گشتی دەنگدەران دەبەستێک و دواتر دابەشدەکرێت بەسەر 95 کورسیەکەی پەرلەماندا تا ژمارەی دەنگدەر بۆ هەر کورسیەک دیاری بکرێت. لە ئەگەری سەپاندنی بڕگەی (سێی) دەستوری عێراق بەسەر هەرێمی کوردستاندا کە بە پێی بڕگەکە بۆ هەر کورسیەک 100 هەزار دەنگدەر دیاری کراوە، ئەوا پێویستە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێمیش کەمبکرێتەوە. بە ڕای چاودێرێکی سیاسیش لە ئەگەری کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێمیشدا، ڕۆڵی پەرلەمانی هەرێمیش کەمدەکرێتەوە. دکتۆر سەنگەر سەید قادر، لێکۆڵەر لە لە سیاسەت و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکان تەنها پەرلەمان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەنجومەنی پارێزگاکانیش دەگرێتەوە و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانیش واتە بچوککردنەوەی ڕۆڵی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان." وتیشی،" ئەگەر عێراق ئەمە بەسەر هەرێمدا جێبەجێ بکات، دەبێت هەرێمی کوردستان پێوەی پابەند بێت، ئەگەر پابەند نەبێت ئەوا دەبێتە پێچەوانەی دەستوری عێراق، هۆکاری ئەوەش کە لە ڕابردوودا جێبەجێ نەکراوە پەیوەندی بە لاوازی دەوڵەتی عێراقەوە هەبوو لەلایەکەوە، لەلایەکی تریش پشتیوانی نێودەوڵەتی بوو لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا هەم دەوڵەتی عێراق بەهێزە و هەمیش هەرێم ئەو پشتیوانیەی جارانی نەماوە، بۆیە وڵاتانیش خواستیانە لەگەڵ عێراق مامەڵە بکەن نەک هەرێم." پێشتریش حکومەتی عێراق لە ڕێگەی دادگا نێودەوڵەتیەکان و دادگای فیدڕاڵیەوە چەند بڕیارێکی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە. وەک بڕیاری ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە لە دادگای ناوبژیوانی پاریس و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 111 کورسیەوە بۆ 100 کورسی. بە ڕای دکتۆرە بەهار ئەم پرسانە هۆکارەکەی "لاوازی هەرێمی کوردستان بووە" کە نەیتوانیوە سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت کە هاتۆتە پێشی. دکتۆر بەهار دەڵێت،" هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە دۆخێکی بەهێزدا بوو، بەڵام نەیتوانی لەم دۆخە بەهێزەدا بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات، لە جیاتی ئەوە بڕیاری ڕیفراندۆم و دارایی سەربەخۆیی دا، بۆیە بە ناچاری لە دۆخێکی زۆر لاوازدا داوای مافەکانی دەکات لەم دۆخە لاوازەشدا ناتوانێت مافەکانی وەک پێویست بەرجەستە بکات." ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕابردوودا بەرپرسانی هەرێم و حکومەت بەردەوام جەختیان لە پێویستی دارایی سەربەخۆ لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە کردۆتەوە و بۆ ئەمەش لە ساڵی 2013 ڕێککەوتنی ستراتیژی 50 ساڵیان لەگەڵ تورکیا واژۆکرد بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە، هاوکات لە ساڵی 2017ش بڕیاری ڕیفراندۆمی دا، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی دەرەکی و ناوخۆیی نەتوانرا ئەو بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.هاوکات بڕیارەکە نیگەرانی ناوخۆیی و دەرەکی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێک هەڵوێستی بەشێک لە ڕای ناوخۆیی وایە کە بڕیاری ڕیفراندۆم بە هۆکاری "لاوازی هەرێم" ناودەبەن.