سەرکردەیەکی پارتی: دەبێت پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم چونکە ناوچەکە خەریکە گڕ دەگرێت
2024-11-22 20:15:57 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی دوا دەکات پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە گڕ دەگرێت و گەر ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەکە دروست ببێت، پێدەچێت زۆر بابەت لە دەست کورد دەربچێت. فازڵ بەشارەتی، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرکردایەتی کورد پێشبینی دەکات گۆڕانکاری لە ناوچەکە دروست ببێت، بۆیە لە پێناو قازانجی خەڵکی کوردستان دەبێت کورد یەکگرتوو بێت." چاوەڕوان دەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەست پێبکات و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری پێکهێناوە. ئەمڕۆ هەینی، 22 ی مانگی 11 ی 2024، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند،"لەم ڕۆژانەدا دەست بە گفتووگۆ دەکرێت لە نێوان هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووترە پەرلەمان دەست بەکاربێت و هەنگاوەکانی تریشی بەدوادا بێت." لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو دوو لایەنی حوکمڕانی هەرێم، لە ڕابردوودا پێکەوە هەرێمی کوردستانیان بەڕێوەبردووەو بە ڕێککەوتن ئیدارەی هەرێمیان داوە، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندی نێوانیان تاڕادەیەک ئاڵۆزە. ئاڵۆزی نێوان یەکێتی و پارتی لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جۆرێک گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسی هەرێم هێناوەتە ئاراوە، بۆیە سەرباری ئاڵۆزی نێوانیان ئەو دوو حزبە ناچارن پێکبێنەوەو پێکەوە حکومەت دروست بکەن. دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو. سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"مەرجی یەکێتی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەوەیە دەبێت یەکێتی کارەکتەری سەرەکی پێکهێنانی حکومەت بێت، نەک بەشداری لە حکومەت دا بکات." هەروەها وتیشی،"بێگومان یەکێتی مافی خۆیەتی داوای یەکێک لە پۆستە باڵاکانی وەکو سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی هەرێم بکات." ناچاربوونی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانەوەی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدایە، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا زۆرترین کێشەو مشتومڕ لەنێوانیان دا ڕوویداوە، یەکێتی، پارتی بە پەراوێزخستنی و پارتیش یەکێتی بە بەشداری حکومەت و مامەڵەکردن وەک ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکرد. فازڵ بەشارەتی دەڵێت،"قسەکانی یەکێتی سیاسی و واقیعی نین، چونکە یەکێتی حوکمڕانی بەشێکی کوردستانەو بەشێکی پۆستە باڵاکانی حکومەتیشیان لایە، ئیتر نازانین پەراوێزخراوی یەکێتی لە کوێدایە، مەگەر خۆیان لە واقیعی سیاسیدا لاواز بن." بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی،یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانیش کورسییەکی بەدەستهێناوە. نەوەی نوێ مەرجی قورسی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان هەیە، لەکاتێکدا جگە لە هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان سەرجەم حزب و لایەنەکانی تر بەشداریکردن لە حکومەت ڕەتدەکەنەوە. بەڕای چاودێران، یەکێتی دڵنیایە لەوەی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی پێیەتی بۆیە دەیەوێت مەرجەکانی بسەپێنێت، لەکاتێکدا پارتی دەیەوێت هەوڵەکانی چڕ بکاتەوەو پەنجا کۆ یەک پێکبهێنێت، تا زۆر پێویستی بە یەکێتی نەبێت و خۆی لە ژێر مەرجەکانی دەربهێنێت. محەمەد رەئوف، نوسەرو چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر پارتی و یەکێتی ڕێکبکەون دەتوانن لە ماوەی دوو سێ مانگدا حکومەت پێکبهێنن، چونکە هیچ لایەکیان بە تەنها ناتوانێت پەنجا کۆ یەک پێکبهێنێت و حکومەت بە تەنها دروست بکات." ناوبراو دەڵێت،"گەر پارتی و یەکێتی ڕێکنەکەون و ململانێی یەکتری بکەن، پارتی هەوڵبدات بە دەنگی لایەنەکانی تر پەنجا کۆ یەک پێکبهێنێت و یەکێتیش ڕێگری بکات، ئەوکات پێکهێنانی حکومەت زۆر دوادەکەوێت، چونکە هەڵبژاردنی عێراقمان لە پێشەو هێشتا قۆناغی بانگەشە تێنەپەڕێنراوە." جەختیشیکردەوە،"پارتی و یەکێتی بەجیاو ژێر بە ژێر سەرقاڵن، پارتی دەیەوێت لەگەڵ حزب و کارەکتەرو کاندیدی سەرکەوتوو پەنجا کۆ یەک کۆبکاتەوەو دواتر یەکێتی بانگهێشتی حکومەت بکات، واتە بە یەکێتی بڵێت زۆر پێویستم پێت نییە. یەکێتیش دەیەوێت داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم بکات، ئەمەش پێویستی بە ڕێککەوتنی نوێ و هێنانەوەی بەرکەوتەکانی کوردە لە عێراق بۆ ناو ڕێککەوتنە نوێیەکە." پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا خاوەنی 11 کورسی پەرلەمانی کوردستان بوون، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی کورسییەکانیان بۆ 5 کورسی کەمکراوەتەوە، بە جۆرێک کورسییەکی تورکمان لە هەولێرو کورسییەک لە سلێمانی، دوو کورسی کریستیان لە هەولێرو دهۆک و کورسییەکیش لە سلێمانی. پێشتر پێکهاتەکان کە خاوەنی 11 کورسی پەرلەمان بوون لەلایەن یەکێتی و بەشێک لە لایەنەکانەوە بە نزیکایەتی پارتی تۆمەتبار دەکران، بەڵام لە ئێستادا دەوترێت دوو کاندیدی دەرچوویان نزیکن لە یەکێتی و سێ کاندیدیان نزیکن لە پارتییەوە. نەجدەت نوری، کاندیدی دەرچووی پێکهاتەی تورکمان لە بازنەی سلێمانی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا پەیوەندیمان پێوەنەکراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام وەکو کەمینەکان کاتێک سەرۆکوەزیرانی عێراقمان بینی، جەختمان لە کۆبوونەوەو یەک بڕیاری کردەوە."