هەواڵی کوردستان ئێستا

سۆران.. دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا

سۆران.. دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا
سۆران.. دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا

2020-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

سۆران-KDP.info- دوای ئەوەی بە فەرمانی مەسروور بارزانی  سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە دەڤەری سۆران دانرا، لە داھاتوویەكی نزیكدا دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، كە تا ڕادەیەكی باش گرفتەكانی كارەبای نیشتیمانیی دەڤەرەكە چارە دەكات.

فەیسەڵ حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای دەربڕینی رەزامەندی لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، لە مەراسیمێكی تایبەتدا بە بەشداریی وەزیری كارەبا و پارێزگای ھەولێر و بەرپرسە ئیدارییەكانی ناوچەكە، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گرینگی ستراتیژی لە سنوورەكەمان دانراوە، یەكێك لە پڕۆژەكانیش، پڕۆژەی گۆڕینی ھێڵی (شەقڵاوە - سۆران) بۆ 132 كەی ڤییە بۆ فراوانكردنی وێستگەی كارەبا بە گوژمەی 6.700.50 ملیۆن دۆلار، كە لە ماوەی 180 رۆژدا كارەكانی پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێت."

بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران ئەوەشی خستەڕوو: "بە ھۆی بڵاوبوونەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، نەتوانراوە پڕۆژەكە لە كاتی ئاسایی خۆیدا جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەم زووانە دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە".

گوتیشی: "بە تەواوكردنی ئەم دوو پڕۆژەیە، گرفتەكانی كارەبای نیشتیمانی لە سنووری ھەر چوار قەزاكانی سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسۆر  چارەسەر دەبێت."

ناوبراو دەشڵێت: "وەزارەتی كارەبا گرێبەستێكی واژۆ كردووە بە شێوەی وەبەرهێنان بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات كارەبا لە ئاو، كە لەلایەن هەردوو كۆمپانیای (ئاریان ئیندەستریت- ئوسترالی و strong oil) لە ماوەی 18 مانگدا جێبەجێ دەكرێت."

 

سیروان سابیر