هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمیرێکی کوردی داعش لە کەرکوک دەستگیر دەکرێت

ئەمیرێکی کوردی داعش لە کەرکوک دەستگیر دەکرێت
ئەمیرێکی کوردی داعش لە کەرکوک دەستگیر دەکرێت

2024-11-23 18:20:26 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی ڕایدەگەیەنێت لەسەر بنەمای زانیاری ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە، ئەمیرێکی کوردی ڕێکخراوی داعش و شەش کەسی تر لەکەرکوک دەستگیرکراون. عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەستگیرکراوەکان بە نهێنی کاریانکردووە و دوای بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری دۆزراونەتەوەو دەستگیرکراون." بەپێی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەمیری هەرێمی کوردستانی داعش کە لە کەرکوک لەگەڵ شەش کەسی تردا دەستگیرکراوە، ناوی ئازاد شاخییە و لەکاتی دەستگیرکردنیان دا یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە. دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت،"تۆڕە دەستگیرکراوەکەی داعش لە کەرکوک پلانی بە ئامانج گرتنی کەسایەتییە ئەمنی و دام و دەزگا حکومییەکانیان هەبووە، لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا نوسراوی نهێنی و بڵاوکراوەی داعشیان پێبووە." سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە کەرکوک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو تۆڕەی داعش کە دەستگیرکراون پەیوەندییان هەبووە بەو داعشانەی لە ناوچەی قەرەداغ و ناوچەکانی تری هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا کاری تیرۆرستییان ئەنجامداوە." بەپێی وتەی سەرچاوەکە، جگە لەو تۆڕە حەوت کەسییەی سەربە داعش، ژمارەیەکی زۆرتر ئەندامی شانە نوستووەکانی داعش ئاشکراکراون و دەستگیرکراون. سەرچاوەکە وتیشی،"شەوی ڕابردوو لە سنوری ناحیەی رەشادی خۆراوای کەرکوک مەفرەزەیەک چەکداری تری داعش لەلایەن فڕۆکەوە کراونەتە ئامانج و سەرجەمیان کوژراون." بە پێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی کەرکوک، ئازاد شاخی خەلکی ناوچەی لەتیف ئاوای شۆرجەی کەرکوکە و پێشترێش ناوی لەلای دەزگا ئەمنییەکان هەبووە وەکوو ئەندامێکی کارای رێکخراوی داعش.