بۆچی زۆربەی کەسانی قەڵەو تەنانەت دوای ڕێجیمی قورسیش، کێشیان دەگەڕێتەوە؟
2024-11-23 22:35:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
زۆرێک لەو کەسانەی کە ڕێجیمەکانی دابەزاندنی کێشیان پەیڕەو کردووە، گلەیی لەوە دەکەن کە دوای دابەزاندنی کێشیان، دوای ماوەیەک بە خێرایی دەگەڕێنەوە سەر کێشی پێشوویان. هەرچەندە بەڵگەکان دەریانخستووە کە گەڕانەوەی کێش، سوودە تەندروستییەکانی دابەزاندنی کێش بە تەواوی لەسەر دڵ و خوێنبەرەکانی لەناو نابات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قەلەوی بۆ ئەوان بێزارکەرە. ئێستا زانایان دەڵێن پێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیەیان دۆزیبێتەوە. ئەوان دەڵێن توێژینەوەیەکیان دەریدەخات کە تەنانەت دوای دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی بەرچاو، خانە چەورییەکان "یادی" قەڵەوییان لەخۆیاندا هەڵگرتووە. بەپێی دۆزینەوەکانیان، "گۆڕانکارییە ئێپی جینێتیکییەکان"(Epigenome) لە خانە چەورییەکاندا تەنانەت دوای دابەزاندنی کێشیش دەمێننەوە، بەو مانایەی کە خانەکان هێشتا بارودۆخی پێشوویان لەبیرە. ئێپی جینێتیک به لقێکی زانستی بایۆلۆجی دادەنرێت. ئەم لقە زانستە مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانە دەکات کە بە هۆی هۆکاری ژینگەیی یان ڕەفتارەوە لە سەر دی ئین ئەی(DNA) ڕوودەدات، بەبێ ئەوەی ڕیزبەندی دی ئێن ئەیەکان بگۆڕێت. لۆرا هینت، زانای بایۆلۆجی لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای فیدراڵی سویسرا و یەکێک لە نووسەرانی ئەم توێژینەوەیە دەڵێت "ئێپی جینێتیک" بە خانەکان دەڵێت کە چ جۆرە خانەیەکە و ئەرکەکەی چییە". دەشڵیت "ئەو خەڵکانەی هەوڵ دەدەن کێشییان دابەزێنن زۆرجار پێویستییان بە گرنگیدانێکی درێژخایەن دەبێت بۆ خۆبەدوورگرتن لە دووبارە قەڵەوبوونەوە و ئەگەر قەڵەو ببیتەوە دوای دابەزاندنی کێشت ئەوا " هەڵەی تۆ نیە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە پێویستت بە یارمەتی زیاترە." هیون کۆل ڕۆ لە زانکۆی ئیندیانا لە بەشی تەندروستی دەڵێت سەرەڕای ئەوەی کە لە مێژە زانیومانە کە جەستە دوای دابەزاندنی کێش حەز دەکات قەڵەو ببێتەوە، " بەڵام چۆن و بۆچی ئەمە ڕوودەدات وەکو سندووقێکی ڕەش وایە." وتیشی ئەنجامە نوێیەکان دەریدەخەن کە " لەسەر ئاستی گەردیلەیی چی ڕووەدەدات، ئەوەش بە ڕاستی شتێکی زۆر باشە." بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی دوای دابەزاندنی کێش دەکرێت زۆر بە خێرایی قەڵەو ببیتەوە، هینت و هاوکارەکانی توێکارییان بۆ شانەیەکی چەوری کردووە کە لە کۆمەڵێک خەڵکی زۆر قەڵەوەوە وەرگیراون، هەروەها لە کۆمەڵێک خەڵکی دیکەوە کە هەرگیز قەڵەو نەبوون. بۆیان دەرکەوت کە هەندێک لە دانە بۆماوەکان چالاکتر بوون لە خانە چەورییەکانی قەڵەوەکاندا وەک لە خانە چەورییەکانی ئەو کەسانەی کە قەڵەو نەبوون، بەڵام دانە بۆماوەکانی دیکە کەمتر چالاک بوون. تەنانەت دوای نەشتەرگەری دابەزاندنی کێشیش ئەو ڕاستییە نەگۆڕاوە، دوو ساڵ دوای ئەوەی بەشداربووان نەشتەرگەرییان کرد بۆ دابەزاندنی کێش و کێشێکی زۆرییان لە دەستدا، بەڵام هێشتا چالاکییەکانی دانە بۆماوەکانی خانە چەورییەکانییان زنجیرەیەکی پەیوەست بە قەڵەوییان پیشانداوە. زانایان ئەنجامی هاوشێوەیان لە مشکەکاندا دۆزییەوە کە بڕێکی زۆر کێشییان دابەزیبوو. تەنانەت دوای دابەزاندنی کێشیش لە ڕێی گۆڕینی خۆراکەوە، خانە چەورییەکانی مشکەکان نەگۆڕابوون، وەکو ئەوە دیاربووە کە خانەکان ئەو جەستەیەیان بە قەڵەویی " لە یاددا ماوەتەوە." فێردیناند مییەن دەڵێت ڕوون نیە بۆ ماوەی چەندێک جەستە قەڵەوی لە یاددا دەمێنێتەوە، " ڕەنگە کاتێکی دیاریکراو هەبێت کاتێک ئەم یادە لە دەست دەدات. بەڵام نازانین." بۆ ئەوەی باشتر تێبگەن لە کاریگەرییەکانی ئەم یادە، توێژەرەوان توێژینەوەیان لەسەر خانە چەورییەکانی مشکەکان کردووە دوای ئەوەی کە کێشییان دابەزیوە. ئەم خانانە شەکری زیاتر و چەوری زیاترییان هەڵمژیوە وەک لەو مشکانەی کە هەرگیز قەڵەو نەبوون. هەروەها ئەو مشکانەی کە پێشتر قەڵەو بوون زۆر خێراتر قەڵەو بوونەتەوە وەک لەو مشکانەی کە هەرگیز قەڵەو نەبوون. سەرچاوە/گۆڤاری نەیچێر