هەواڵی کوردستان ئێستا

راوێژکارێکی پێشووی سەرۆک کۆمار: ترسی عێراق لە هێرشی ئیسرائیل جدییە

راوێژکارێکی پێشووی سەرۆک کۆمار: ترسی عێراق لە هێرشی ئیسرائیل جدییە
راوێژکارێکی پێشووی سەرۆک کۆمار: ترسی عێراق لە هێرشی ئیسرائیل جدییە

2024-11-25 21:40:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ترسی حکومەتی عێراق لە هێرشی ئیسرائیل جدییە، بەوپێیەی حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ڕێگرتن لە هێرشەکە یاخود کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی هێرشەکە گەر ئەنجام بدرێت. عەبدوڵا عەلیاوایی، راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕۆژانە هێزە عێراقییەکان ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ڕادەگەیەنن، ئەمەریکاش هۆشداری داوەتە عێراق لەبارەی ئەو هێرشانە." هەروەها وتیشی،"بەرپرسانی عێراق جدی بوونی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرش ناشارنەوە، بۆیە حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ڕاگرتنی هێرشی ئیسرائیل یاخود کەمکردنەوەی زیانەکانی هێرشەکە." بەپێی بەیاننامەی میلیشیا شیعەکانی عێراق، لە مانگی 11 ی ساڵی 2023ەوە تا ئێستا نزیکەی 315 هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل 89 هێرشیانی پشتڕاستکردووەتەوە. لەکاتێکدا حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ تێوەنەگلانی عێراق و کۆنترۆڵکردنی گروپە شیعەکان چڕکردووەتەوە، بەڵام گروپە چەکدارەکانی عێراق دەڵێن، شەوی یەکشەممە، 24 ی مانگی 11 ی 2024، دوو هێرشی نوێیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆ سەر باشوری ئیسرائیل ئەنجامداوە. ئیسرائیل لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵای لەسەر عێراق تۆمار کردووە لە سەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەری و سکاڵاکەشی پشت بەست بەو ماددانە تۆمارکردووە، کە ڕێگە بە وڵاتێک دەدات بەرگری لەخۆی بکات گەر لە وڵاتێکی ترەوە هێرشی کرایە سەر، بۆیە سکاڵاکانی ئیسرائیل وەکو زەمینە سازی بۆ هێرشکردنە سەر عێراق لێکدەدرێنەوە. عەبدوڵا عەلیاوایی دەڵێت،"عێراق ترسی هەیە لەوەی لەژێرخانی ئابووری بدرێت و ئەمە زیانی گەورەی پێدەگەیەنێت، خۆ گەر لەهەر شوێنێکی عێراق بدرێت خەڵک زەرەرمەند دەبێت، بۆیە عێراق نایەوێت ئەمە ڕووبدات." ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری بۆ ڕێگرتن لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی ئیسرائیل دەرکردووە، بەشێک لە بڕیارەکان دەچنە چوارچێوەی هەوڵی دبلۆماسییەوە تا لە ڕێگەی ئەمەریکاو وڵاتانی ترەوە هێرشەکانی ئیسرائیل ڕابگرێت.بەشێکی تر لە بڕیارەکان گرتنەبەری ڕێوشوێنی ناوخۆیین بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و ڕێگرتن لە گروپە شیعەکان بۆ ئەنجامدانی هێرش لەناو خاکی عێراقەوە. عەبدوڵا عەلیاوایی پێیوانییە، ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر پێگەی ئابووری عێراق، بەو پێیەی عێراق هەوڵی زۆری داوە لەگەڵ ئەمەریکاو ئەوروپا، تا هێرشی ئیسرائیل گەر ئەنجام بدرێت زیانی گەورە بە عێراق نەگەیەنێت. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ناوی شەش گروپی چەکداری عێراقی هێناوە، ئەو گروپانە بەبەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر وڵاتەکەی، بەشێک لەو گروپانە بەشدارن لە حکومەتی عێراق دا. جەختکردنەوەی ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر عێراق لەکاتێکدایە، ئیسرائیل ئەو گروپانە بەهەڕەشە دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی، بەو پێیەی لە ڕێگەی موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە دەتوانن هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدەن. شوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەرەی موقاوەمە لە عێراق پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئێرانە و لە عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل، ئامانجی ئیسرائیلیش ڕوونە کلک و گوێ کردنی ئێرانە لە ناوچەکە." ئەو وتیشی،"ئیسرائیل کۆمەڵێک ئامانجی لە عێراق دیاری کردووەو عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانیشی ئاگادارکردووەتەوە لە هێرشکردنە سەر ئەو ئامانجانە." بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر ئیسرائیل هێرشی بێزارکەرن نەک هێرشی زیان بەخش، بەو پێیەی هێرشەکان زیانی ئەوتۆیان نەگەیاندووەتە ئیسرائیل بەڵکو بێزاری کردوون.