هاوپەیمانێکی ئەردۆغان دەیەوێت سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان قسە بکات
2024-11-26 17:35:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
هاوپەیمانێکی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە جەختی کردەوە لە پێشنیارەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێ 40 ساڵەییەکەی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە پێشنیاری کرد پارتی دەمی لایەنگری کوردەکانی تورکیا لە پەرلەمان ڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلاندا بکات. پێشنیارەکەی دەڤڵەت بەهچەلی سەرکردەی پارتی بزووتنەوەی نیشتیمانپەروەریی مانگێک دوای ئەوە دێت کە پێشنیاری کرد ئۆجەلان لە بەرامبەر ئەگەری ئازاد کردنیدا کۆتایی شەڕەکەی پارتەکەی لەگەڵ تورکیادا ڕابگەیەنێت. پارتی دەمی لایەنگری کوردەکان کە سێیەمین گەورەترین پارتە لە پەرلەمانی تورکیادا، لە وەڵامدا داوای کرد هاوسەرۆکەکانی لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببنەوە، کە دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستانە. ئەردۆغان پێشنیارەکەی یەکەمجاری بەهچەلی بە " دەرفەتێکی مێژوویی " ناوبرد بەڵام باسی لە هیچ پڕۆسەیەکی ئاشتی نەکردووە. ئۆجەلان 25 ساڵ لەمەوبەر دەستگیرکرا و لە دوورگەی ئیمڕاڵی باشووری ئیستەنبوڵ زیندانی کراوە. بەهچەلی لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا بە یاسادانەرانی پارتەکەی وت " پێشبینی دەکەین بەبێ دواکەوتن گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ بکرێت لە نێوان ئیمڕاڵی و گروپی دەمدا." ناوی دوورگەکەی بەکارهێنا بۆ ئاماژەکردن بە ئۆجەلان. بەهچەلی بەردەوام سەرکۆنەی سیاسییەکانی لایەنگری کوردەکان دەکات و دەڵێت ئامڕازێکی پارتی کرێکارانی کوردستانن. پارتەکەی پێشووی دەم 10 ساڵ لەمەوبەر بەشداربوو لە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئەنکەرە و ئۆجەلاندا. گوڵستان کیلیچ کۆچیگیتی هاوسەرۆکی پارتی دەم وتی ڕۆژی سێشەممە داوای لە وەزارەتی داد کردووە تاوەکو سەرکردەکانی لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببنەوە. وتی " ئێمە ئامادەین بۆ هەر یارمەتییەک لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیبلۆماسیدا بۆ پرسی کورد و بە دیموکراسیکردنی تورکیا." لە ماوەی ململانێ چەکدارییەکەی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیادا زیاتر لە 40,000 کەس کوژراون، لە ڕابردوودا شەڕەکە زیاتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بووە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، بەڵام لە ئێستادا شەڕەکە لە باکووری عێراقە کە پارتی کرێکارانی کوردستانی لێیە. زیادبوونی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا و گۆڕانی داینامیکی سیاسیی وەکو هۆکار دەبیندرێن لە پشت هەوڵەکانی تورکیاوە بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا. دەرفەتەکانی سەرکەوتن ڕوون نین چونکە ئەنکەرە هیچ ئاماژەیەکی نەداوە لەسەر ئەوەی ڕەنگە چی ڕووبدات. تەنها هەنگاوی بەرجەست کە تاوەکو ئێستا لەلایەن تورکیاوە بیندرابێت ئەوە بووە کە ڕێگەیان بە برازاکەی ئۆجەلان داوە سەردانی بکات، ئەمەش یەکەمین سەردانی خێزانییە دوای چەند ساڵێک. بەرپرسانی تورکیا بەردەوامن لە سەرکوتکردنی " چالاکییەکانی " پارتی کرێکارانی کوردستان. پێشتر لە ڕۆژی سێشەممەدا پۆلیس 231 کەسی دەستگیرکرد بە تۆمەتی ئەوەی گوایە پەیوەندییەکان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە. پارتی دەم وتی ئەوانەی دەستگیرکراون بەرپرسان و چالاکەوانانی پارتەکەیان تێدایە. پێشتر لەم مانگەدا حکومەتی تورکیا پێنج سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراویی لە شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا دوورخستەوە و بەرپرسانی سەر بە دەوڵەتی لە شوێنییان دانا، پارتی دەم و ئەوانی دیکەش ڕەخنەیان لەو هەنگاوە گرتووە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز