حەماس دەڵێت ئامادەیە بۆ ئاگربەستێکی هاوشێوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا
2024-11-27 18:06:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس هەڵوێستی ئەرێنی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا دەردەبڕن و داوای ڕێککەوتنێکی هاوشێوە بۆ غەززەش دەکەن. بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی چوارشەممە،27ی مانگی یازدە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "نێوەندگیرانی میسر و قەتەر و تورکیامان ئاگادار کردووەتەوە کە حەماس ئامادەیە بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان." بە پێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی باڵای حەماس، ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دکەن کە ڕێگری لە ڕێککەوتن دەکات. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس، سامی ئەبو زوهری، ڕۆژی چوارشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، حزبوڵا مافی لوبنان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە گەلی لوبنان بپارێزێت، بە بەرز دەنرخێنێت و "هیوادارە ئەمە بگاتە ڕێککەوتنێکیش بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە". دوای پێکهێنانی ئاگربەست لە لوبنان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هیوایان دەربڕی کە لەدەستدانی پشتیوانی سەربازیی حزبوڵا، حەماس ناچار بکات داوای ئاشتی بکات. بە گوتەی ئۆرشەلیم ئەو گرووپە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە مێژە بانگەشەی ئەوە دەکات که خوازیاری ئاگربەسته، بەڵام ئامادە نییە داخوازییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە بارمتەکان جێبەجێ بکات. ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی دەڵێن داواکارییەکانی ئیسرائیل بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە غەززەش ئاستەنگێک بووە بۆ هەردوولا. هەروەها سەرەتای ئەم مانگە قەتەر لە نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماس کشایەوە. ئەم وڵاتە دەڵێت ئامادەیە وەک ناوبژیوانێک بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان تەنها کاتێک هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ دانوستان بە شێوەیەکی جددی ڕابگەیەنن. ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 27ی ئەم مانگە جێبەجێ کرا. سەرچاوە/فرانس پرێس/ڕۆیتەرز