یەکێتی و پارتی بە جیا لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبنەوە
2024-11-27 22:35:26 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا، ئەمڕۆ 27 مانگی 11 هەریەک لە پارتی و یەکێتی بە جیا لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان کۆبوونەوە، بە پێی قسەی لایەنەکانیش بێت ئامانجی سەرەکی کۆبووەنوەکان ڕێککەوتنی هاوبەش و بەشداری لایەنەکانە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم. ئەمڕۆ 27 مانگی 11 شاندی پارتی سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان کۆبۆوە و لەبەرامبەریشدا یەکێتی لە هەولێر لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کۆبوونەوەی ئەنجامدا. شاندی پارتی کە پێکهاتبوون لە هەریەکە لە هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق و دڵشاد شەهاب، لەگەڵ هەریەکە لە نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە، تا ئامادە کردنی ئەم هەواڵە دیار نییە شاندەکەی پارتی سەردانی لایەنەکانی تر دەکات یاخود نا. سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوانیان کاوە عەبدولقادر، ئەندامی شاندی پێشوازیکار لە شاندەکەی پارتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەڵبژاردنی 20ی مانگی ڕابردوو لە هەرێم هاوکێشەی سیاسی گۆڕی، ئێمە پێمان وایە هەرێم پێویستی بە گۆڕانکاریە، وەک نەوەی نوێ پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ پێکهێنانای کابینەی دەیەم، بە پێی پرۆژەکەمان دەبێت سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەلایەک بێت و هەموو پۆستەکانی تر لەلایەک بێت، لایەنەکان دابەش ببن بەسەر دوو گرووپ هەرگرووپێک سەرۆکی حکومەتی لەلابوو هەموو پۆستەکانی تر دەستبەردار بێت وە دوو ساڵ بە دوو ساڵ ئاڵووگۆڕ بکرێت و پۆستەکان پێچەوانە بکرێنەوە. چونکە ناکرێت حوکم ڕانی بەو شێوەیە بەردەوام بێت." وتیشی،" جگە لە پارتی کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنەکانی تریش دەبێت. بەڵام دەبێت پرۆژەکەمان جێبەجێ بکرێت بۆیە پرۆژەکەمان دایە پارتیش." پرۆژەکەی نەوەی نوێ کە کۆپیەکی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە، لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە پێکهاتوون لە وەرگرتنی پۆسرتەکانی حکومەت بە شێوەی دەوری، ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ بەغداد بەتایبەت لەسەر پرسی مووچە و چەند تەوەرێکی تر،کە بە قسەی خۆیان وەک مەرجی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان دیاریان کردووە. دوای کۆبوونەوەی وەفدەکەی پارتی لەگەڵ نەوەی نوێ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد، بە قسەی بزووتنەوەکەش وێڕای ڕەتکردنەوەی بەشداریان لە کابینەی داهاتوو، بەڵام داوایان لێکراوە "ڕۆڵی خێر لە نیوان لایەنەکاندا بگێڕن." دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پارتی پێیان وایە گۆڕان دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێرێت لە ڕێککەوتنی نیوان لایەنەکان، بەڵام ئێمە دڵنیاییمان دانێ کە بەشداری کابینەی نوێ ناکەین و بە ئۆپۆزسیۆنی دەمێنینەوە، بەڵام دەبێت لایەنەکان لەبەر مەبنای بەرژەوەندی خەڵک هەرچی زووە هەوڵ بدەن کۆبننەوە و کابینەی نوێ پێکبهێنن، پێکهاتە یاساییەکان کارا بکەنەوە." وتیشی،" سبەی کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتی هەیە لە هەولێر جارێ نازانین قسەی ئەوان چی دەبێت، هەرچەندە پارتی پێیان وتین ئێمە موکوڕین لەسەر زوو پێکهێنانی کابینەی نوێ، وەک خۆمان هیوادارین ئەمە سەنگەر گرتن و بەرە لەیەکتر گرتن نەبێت، بەڵکو بەرەیەکی کوردستانی گشتی بێت کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت." سەبارەت بە کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری لە شاری هەولێر، دەنگی ئەمەریکا چەند جارێک پەیوەندی کرد بە هەریەک لە وتەبێژانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.