فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران لە هێرشی نەیارانی بەشار ئەسەد بۆ سەر سوریا دەکوژرێت
2024-11-28 19:30:29 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت کیومەرس پورهاشمی ناسراو بە "حاج هاشم" و یەکێک لە راوێژکارە سەربازییە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سووریا کوژراوە. پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی پێنجشەممە 28ی ئەم مانگە بڵاوی کردەوە، کیۆمەرس پورهاشمی کە لە "بەرگریکارانی حەرەم" بووە و پلەکەی "عەمیدی دوو" بووە، ڕۆژی چوارشەممە لە هێرشەکانی سەر سوریا کوژراوە. بەرگریکارانی حەرەم لای کۆماری ئیسلامی ئێران بەو کەسانە دەوترێت کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕێکخراون و ڕەوانەی سوریا کراون بۆ ئەوەی ڕاوێژکاری و کەرەستە و هاوکاری سەربازی پێشکەش بە گروپە هاوبیرەکانی ئەو وڵاتە بکەن. بەپێی زانیارییەکان، ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای پاسداران لەکاتی هێرشەکانی گرووپی تەحریری شام بۆ سەر حەلەب کوژراوە. هێرشە بەرفراوانەکەی ئەو گرووپە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس و بەگوێرەی لێژنەی تەحریری شام، هێرشەکان وەڵامێک بووە بۆ "زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و سوریا بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان لە باشووری ئیدلب". ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە سەربازییەکان و چەکدارانی گرووپی تەحریری شام بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە، گروپەکە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانیان لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵیان لە باکوری سوریا بۆ سەر هێزەکانی سوریا دەستپێکردووە و بۆ یەکەمجار لە چەند ساڵێکدا، ئەوان توانیویانه دست بەسەر چەند ناوچەیەکدا بگرن. ئەمەریکا لە ساڵی 2018 بە فەرمی گرووپی تەحریری شامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند. هەروەها زۆربەی وڵاتانی جیهان تەحریری شام بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن. سەرچاوەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکەدا کە لەلایەن هاوپەیمانی گروپە یاخیبووەکانەوە بە سەرۆکایەتی چەکدارانی تەحریری شام بەڕێوەدەبرێت، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا لانیکەم 10 ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا لە پارێزگای حەلەب لە باکووری ڕۆژئاوا لەلایەن ئەو گرووپەوە دەستی بەسەردا گیراوە. هەروەها ئەو چەکدارانە هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەربازی ئەلنەیرب لە ڕۆژهەڵاتی حەلەبیش؛ لەو شوێنانەی کە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لەوێ بنکەیان هەیە. سوپای سوریا لە یەکەم لێدوانیدا دوای هێرشە کتوپڕەکەی ئەو گرووپە ڕایگەیاند کە زیانێکی زۆری بەو چەکدارانە گەیاندووە کە بە "تیرۆریست" ناویان دەبات. سوپای سوریا ڕایگەیاند، بە هاوکاری ڕووسیا و هێزە هاوپەیمانەکانی هەوڵدەدات ناوچە داگیرکراوەکان کۆنترۆڵبکاتەوە و دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێشوو. سەرچاوە/ڕۆیتەرز/ڕادیۆ فەردا