پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی نوێ سەبارەت بە بەرزبوونەوەی چەوساندنەوەی ژنان لە ئێران پەسەند دەکات
2024-11-28 20:25:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی نوێی دژی ئێران بۆ بەرزبوونەوەی چەوساندنەوەی ژنان دەردەکات و خراپتربوونی دۆخی مافی مرۆڤی لەو وڵاتەدا سەرکۆنە دەکات. بڕیارنامەکەی پەرلەمانی ئەوروپا کە ڕۆژی پێنجشەممە،28ی مانگی یازدە دەرچووە، بە توندی سەرکۆنەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و پۆلیسی ئاکاری ئەو وڵاتە دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکوتکردنی سیستماتیکی ژنان لەو وڵاتەدا بەردەوامە. ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم پێشێلکارییە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەردەمی سەرۆکایەتی پزشکیان و بە پەسەندکردنی یاسای نوێ زیاتر بەرزبوونەتەوە، لەوانەش بە ڕیگەی دەرچوونی یاسای پاراستنی خێزان بە پێشخستنی کولتووری حیجاب و پاکیزەیی لە مانگی نۆی ئەمساڵدا. لەم بڕیارنامەیەدا بە تایبەتی باس لە بارودۆخی ئەو ژنانە کراوە کە بە دڵی کۆماری ئیسلامی جڵ و حیجاب ناکەن و بەم هۆیەشەوە هەراسان دەکرێن و دەگیرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و تەنانەت دەکوژرێن. یەکێک لەو دۆسیە تایبەتانەی لەم بڕیارنامەیەدا ئاماژەی پێکراوە، ئاهۆ دەریاییە، کە لە دووی مانگی یازدەی ئەمساڵدا لە حەوشەی زانکۆیەکی تاران، جل و بەرگی خۆی وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە یاساکانی حیجاب داکەند .دوای ئەمەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ ناوەندێکی دەروونی. پەرلەمانی ئەوروپا ئەم کارەی بە جۆرێک لە ئەشکەنجەدان و سەرکوتی سیاسی ناوبردووە. پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە کاربەدەستانی ئێران کردووە دەستبەجێ هەموو ئەو یاسانەی پەرە بە هەڵاواردنەکان دژی ژنان و کچان دەدەن، هەڵبوەشێننەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پۆلیسی ئاکار و دامەزراوە سەرکوتگەرەکانی دیکە لە ئێران هەڵبوەشێنرێنەوە. پەرلەمانتاران داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم داکۆکیکارانی مافی ژنان و هەروەها قوربانیانی دیکەی دەستگیرکردنی هەڕەمەکیشیان کردووە. خاڵێکی گرنگی دیکەی ئەم بڕیارنامەیە ئەوەیە کە تێیدا نوێنەرانی ئەورووپایی داوایان لە ئەنجومەنی ئەوروپا کردووە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت. بەڕیارنامەکە هەروەها داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە کە دەستڕاگەیشتنێکی بێ سنوور بۆ لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی تایبەت بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دابین بکات. لە کۆتاییدا پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کردووە کە پشتیوانی لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بکەن. ئەم بڕیارنامەیە بە 562 دەنگی بەڵێ و 2 دەنگی نەخێر و 30 دەنگی بێلایەن پەسەند کرا و بڕیارە وەشانی تەواوی لە 28ی مانگی یازدە 2024 بڵاو بکرێتەوە.