لە سەروبەندی گەڕانەوەی ترەمپدا، دانوستانەکانی ئێران و ئەوروپا بەڕێوەدەچێت
2024-11-29 18:35:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بڕیارە دیپلۆماتکارە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرسێ وڵاتی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا، لەگەڵ ڕێکخەری باڵای یەکێتی ئەورووپا لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لە ژنێڤی سویسرا ڕۆژی هەینی 29ی مانگی یازدە تاوتوێ ئەگەری دەستپێکردنی دانوستانی جیدی بۆ کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەییەکان و پێداچوونەوە بە بەرنامەی ناوکی حکوومەتی ئێران بکەن. ئەم دیدارە لەو شوێنە بەڕێوە دەچێت کە زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستی پێکردووە. مەبەست لەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی ڕێگاکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانە پێش دەستپێکردنی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە کە چاوەڕوان دەکرێت دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا سیاسەتی زۆرترین گوشار لە دژی ئێران چڕتر بکاتەوە و هەوڵی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لە ناوچەکەدا بدات. بە پێی ڕاپۆرتەکەی رۆیتەرز، مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دانوستانکاری بەرنامە ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەوروپایی وتووێژ دەکات. ڕۆیتەرز نووسیویەتی ئەم کۆبوونەوەیە لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئاستی بێمتمانەیی نێوان لایەنەکان بە هۆی بڕیارنامەی ئەم دواییەی وڵاتانی ئەورووپایی دژ بە حکوومەتی ئێران و هەروەها زیادبوونی سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆر زیادی کردووە. لە چەند مانگی ڕابردوودا بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا هەڵوێستی توندتریان بەرامبەر بە حکومەتی ئێران گرتەبەر. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم گۆڕینی هەڵوێستە، پشتیوانی سەربازی تاران بوو بۆ ڕووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا. لە لایەکی دیکەوە ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم دانوستانانەدا هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزا قورسانەیە کە پاش کشانەوەی ئەمهریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەسەر ئابووری ئێراندا سەپێنراون. بەڵا بەرپرسانی هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دانوستانەکان تەنیا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمیدا نین و پرسەکانی دیکەی وەک پەیوەندییە سەربازییەکانی ئێران لەگەڵ ڕووسیا و گرژییە ناوچەییەکانیش دەبێ تاوتوێ بکرێن. دیپلۆماتکارانی ئەوروپایی هۆشدارییان داوە کە کات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەتەواو بووندایە. لە ئەگەری نەبوونی ڕێککەوتن، ئەگەری گەڕانەوەی سزا هەڵوەشاوەکان لەئارادایە. ڕۆیتەرز نووسیویەتی "کۆبوونەوەکە وەک دەرفەتێکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و دروستکردنی چارەسەری دیپلۆماسی، بەڵام ناکۆکی قووڵ و هەلومەرجی هەستیاری ناوچەیی وایکردووە زەحمەت بێت دانوستابدن بێتە ئاراوە.