هەواڵی کوردستان ئێستا

"ده‌رگای بازرگانیی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌"

"ده‌رگای بازرگانیی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌"

2020-05-10 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


 

هەولێر-KDP.info-  كوردستان له‌دوای قۆناغی تێپەڕاندنی مه‌ترسیی نه‌خۆشیی كۆرۆنا ده‌یه‌وێت كار له‌سه‌ر هه‌ڵسانه‌وەی‌ بازرگانی بكات و ئاستی بازرگانی بخاته‌وه‌ پێش هاتنی نه‌خۆشیی كۆرۆنا په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت: "به‌هۆی دابه‌زینی ئاستی به‌رهه‌می بازرگانی و پیشه‌سازی و هه‌نارده‌، داهاتی كوردستان زۆر كه‌می كردووه‌".

جه‌نان جه‌بار بۆیا، ئەندامانی لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ و داخستنی سنووره‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتان زه‌ره‌رێكی زۆر به‌ داهاتی كوردستان كه‌وتووه،‌ ئه‌وه‌ش هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پاره‌ی ناوخۆ كه‌م بكات، چونكه‌ به‌شێك له‌و داهاته‌ بۆ ته‌واوكردنی ته‌كمیله‌ی ئه‌و پاره‌ی به‌غدا به‌كار ده‌هێنرا، كه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانیه‌ران ده‌هات ئێستا به‌رنامه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ دووباره‌بووژانه‌وه‌ی بازاڕی كوردستان و بازرگانی، بۆ ئه‌مه‌ش كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رده‌وامە‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕێكاری تایبه‌تی ده‌وێت و پێشنیاریش كراوه‌ كه‌ دووباره‌ پلان و به‌رنامه‌ی نوێ دابنرێت، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بازرگانی و دووباره‌ڕێكخستنه‌وه‌ی داهات له‌سه‌ر بازرگانی و داهاتی ده‌ستكه‌وتوو له‌و بوارەدا‌".

گوتیشی: "به‌پێی پلان ده‌بێت پیشه‌سازیی ناوخۆیش كاری جددی له‌سه‌ر بكرێت و هه‌وڵ بدرێت له‌ ڕێگای پیشه‌سازییه‌وه‌ به‌شێكی گرینگی داهاتی كوردستان به‌ده‌ست بهێنرێت، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ چۆن وه‌زاره‌تی پلاندانان و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ كاری بۆ ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌هۆی نه‌خۆشیی كۆرۆناوه‌ داهاتی كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ سفر".

دارا جه‌لیل خه‌یات، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێمى كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانى ڕاگه‌یاند: "له‌سه‌ر پرسی بازاڕ و ئابووریی هه‌رێمى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی ژووره‌ بازرگانییه‌كان كراوه‌ و باسمان كردووه‌، چی بكه‌ین، له‌ داهاتووشدا كۆبوونه‌وه‌ی فراوان له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنان و بازرگانه‌كان و ئابووریناسان ده‌كه‌ین".

گوتیشى: "بازرگانی به‌نده‌ به‌ پاره‌وه‌، ئه‌گه‌ر هاورده‌كردنمان كه‌م بێت، ناتوانین شت له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنین و ده‌بێت به‌رهه‌می خۆمان ببووژێنینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕاستیتان ده‌وێت، ئه‌وه‌ نه‌ما وه‌ك جاران به‌ شه‌پۆل شت له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنرێت و ده‌بێت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌مه‌ ڕێك بخرێته‌وه‌".

سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی هه‌رێمى كوردستان باسى له‌وه‌ش كرد: "عێراقیش تووشی كورتیی ئابووری بووه‌ و ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تی عێراق و بازرگانانی ناوچه‌كه‌ش گفتوگۆ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى چۆن له‌م قه‌یرانه‌ ڕزگار ببین و بازرگانی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخى جاران".

دارا جه‌لیل خه‌یات ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو: "دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ ئابووریی هەرێمی کوردستان لە داڕووخان بەدوور دەبێت، چونكه‌ كشتوكاڵ و بازرگانی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌یه‌".