هەواڵی کوردستان ئێستا

ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان: نایاساییە گەر لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردرێت

ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان: نایاساییە گەر لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردرێت
ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان: نایاساییە گەر لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵنەبژێردرێت

2024-11-30 17:45:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، جۆرێک لە نا ڕێکەوتن هەیە و پێشبینی دەکرێت دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە کراوەی بمێنێتەوە و کێشە دروست بێت بۆ دەستەی سەرۆکایەتی و دواتر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەشڵێت، بەکراوەی هێشتنەوەی دانیشتنەکە "ناپەیڕەوی و نایاساییە." مەجید ساڵح، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەڵبەت هەلومەرجی کوردستان و هەلومەرجی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وا دەخوازێت دیسانەوە دانیشتنی پەرلەمانی بە کراوەی بمێنێتەوە، هەر چەندە نایاساییە و لەگەڵ یاسا و پەیڕەودا ناگونجێت." ئەو ڕاوێژکارەی پەرلەمان، وتیشی،" پێویستە لەدانیشتنی یەکەمدا کە 24 کاتژمێرە، پەرلەمان ئەو ئەرکانەی کە لەسەرێتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەو ڕێکارانەی کە پێویستە بکرێت جێبەجێی بکات، بەڵام لەعێراقیشدا ئەوە نەتوانراوە بکرێت، بۆیە پێشبینی دەکەم دانیشتنی یەکەم بە کراوەی بمێنێتەوە و کێشە دروست بێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەرکەکانی دیکەش وەک هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دواتر سەرۆکی هەرێم کەسێک ڕاسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەت." ڕۆژی سێشەممە 26ی مانگی یانزەی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بە ژمارە 417 ی ساڵی 2024 ی تایبەت بە گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد. لەفەرمانەکەدا کە پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی 3 لە ماددەی 10ی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو دەرچووە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگێشتی کاندیدە دەرچووەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولەکە کە لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 2ی مانگی دوانزەی ساڵی 2024 دەستپێدەکات. بەپێی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماددەی 47 دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت و ئەندامانی دەرچوو سوێندی یاسای دەخۆن لەو ڕۆژەدا. دواتر بەپێی ماددەی 48 دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکدێت لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان بە دەنگدانی نهێنی و بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامان هەڵدەبژێردرێن کە دەکاتە 51 دەنگی پەرلەمانتاران لە کۆی 100 پەرلەمانتار. دواتر بەپێی مادەی 49 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستە لەم دانیشتنەدا ماوەی دەورەکانی پەرلەمان دیاریبکرێت. شارەزایەکی هەڵبژاردن ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەکراوە هێشتنەوەی دانیشتنی یەکەم، ئەگەری ئەوە هەیە دادگای دەستوری دانیشتنی بەکراوەی هەڵبوەشێنێتەوە. هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزایی هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای، ڕاگەیاند،" بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992 هەموار کراو مادەی 47 دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەر لەمانتار دەبەستریت و بەپێی هەمان یاسا پێویستە لە دانیشتنەکەدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت و لە هەمانکاتدا ماوەی خولەکانی پەرلەمان دیاریبکرێت، ئەمە لەڕووی یاسایەوە دەبێت وابێت." وتیشی،" وەکو ئەو عورفەی کە هەبووە لە ماوەی ڕابردوودا نەتوانراوە لەیەکەم دانیشتن دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت بەهۆی ڕێکنەکەوتن لە نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکا و پەنا بردنە بەر بەکراوەی هێشتنەوەی دانشتنی پەرلەمان، ئەگەر بێت و ئەو عورفە خۆیی دووبارە بکاتەوە ئەوە بێگومان مەترسی ئەوەی هەیە تانەی لێبدرێت لەبەردەم دادگای باڵای دەستوری لەعێراق و بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی بەکراوەیی." باسی لەوەشکرد،" دادگای دەستوری فیدراڵ ئەوکات بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیدا پەرلەمان ناچار دەکات بە تەواوکردنی دانیشتنەکە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان." ڕۆژی 20ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنەکەی بەڕێوەبرد و دواتر بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان هەڵبژاردنەکەیان بە پڕ لە" ساختەکاری" ناوبرد و دەرئەنجامەکانیان ڕەتکردەوە و وتیان،" ناچینە پەرلەمانێک کە دیزاین کراوبێت." بۆیە ڕوون نیە ئەو لایەنانە دەچنە پەرلەمان و بەشداری یەکەم دانیشتن دەکەن یاخود نا. هەڵشۆ عەبدولفەتاح، شارەزای هەڵبژاردن، ڕاشیگەیاند،" ئێستا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەیەکەم دانیشتنیدا لەبەردەم ئەو مەترسیەدایە کە جارێکی دیکە دانیشتنەکە بە کراوەی بهێڵێتەوە، تاوەکو گەیشتنی بە ڕێکەوتنی هێز و و لایەنە سیاسیەکان، هەموو ئەگەرەکان کراوە دەبن ئەوکات دادگای دەستور بڕیار لە بارەی دانیشتنەکەوە بدات." دادگای باڵای دەستوری فیدراڵ، بڕیارێکی هەیە بە ژمارە 55 اتحادی دەتوانێت بە پێی ئەو بڕیارە بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی بە کراوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.