هەواڵی کوردستان ئێستا

بلومبێرگ: سعودیە پێشنیاری بازرگانی بە ئێران دەکات

بلومبێرگ: سعودیە پێشنیاری بازرگانی بە ئێران دەکات
بلومبێرگ: سعودیە پێشنیاری بازرگانی بە ئێران دەکات

2024-11-30 17:45:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ئاژانسی بلومبێرگ ڕایدەگەیەنێت سعودیە لە سەروبەندی گەڕانەوەی دانۆڵد ترامپدا بۆ کۆشکی سپی، هەوڵدەدات دەستبەجێ پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران فراوان بکات و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکاش پتەوتر بکات. ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە باس لەوە دەکات کە سعودیە لەم دواییانەدا "پێشنیار"ی بە ئێران کردووە بۆ زیادکردنی بازرگانی دوولایەنە؛ بەو مەرجەی کۆماری ئیسلامی "واز لە پشتیوانیکردنی هێزە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت، لەنێویاندا حزبوڵای لوبنان". بلومبێرگ ئاماژەی بە کردنەوەی شوێنێکی فرۆشتنی ئێران کردووە کە بە سمبولە نەتەوەییەکانی وڵاتەکە ڕازاوەتەوە لە یەکێک لە ناوچە بەناوبانگەکانی ڕیاز لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆ فرۆشتنی فەرش و زەعفەران و دەڵێت "ڕەنگە پایتەختی سعودیە وەک شوێنێکی چاوەڕواننەکراو دەرکەوێت بۆ نمایشکردنی کولتوری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام سعوودیە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ تاران." ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی ڕابردوودا دوای ساڵانێک لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان، بە نێوەندگیریی چین پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان گەڕاندەوە و سعودیە ئامادەبوونی 140 هەزار حاجی ئێرانی لە ڕێوڕەسمی حەجی ئەمساڵدا بە نیشانەی بوژانەوەی پەیوەندییەکان دەزانێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی "ناڕازییە" لە ئاستی ئێستای پەیوەندییەکان و دەیەوێت بەهێزیان بکات. لەم نێوەندەدا محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، هەروەها سەرنجی خستۆتە سەر بەرنامەی یەک تریلیۆن دۆلاری کە بە "دیدگای 2030" ناسراوە، کە ئامانجی ڕزگارکردنی وڵاتە لە داهاتی نەوت لە ڕێگەی هەمەچەشنکردنی ئابووری وڵاتەکەیەوە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، پێویستی بە نەهێشتنی گرژییەکان و ئاشتیە لەگەڵ دراوسێکان بۆ ڕاکشانی بیانییەکان بۆ وڵاتەکەی. بلومبێرگ دەشنووسێت تا ئێستا دیار نییە محەمەد بن سەلمان چ پێشنیازێکی بۆ ئێرانییەکان خستووەتەڕوو، بەڵام کەسێکی بەشداربووە لە ڕێککەوتنی ئاشتی مانگی سێی 2023ی نێوان ئەو دوو ڕکابەرە و ڕایگەیاندووە، لە سەرەتادا دەکرێت بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران لەسەر "خۆراک و بەرهەمە پزیشکییەکان بێت نەک ئەو کاڵایانەی کە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران پێشێل دەکات." بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، ڕەنگە لە ڕێککەوتنەکەدا، کۆمپانیا تایبەتەکانی سعودیە بەشداربن و مامەڵەکان لە ڕێگەی وڵاتی سێیەمی وەک عێراقەوە ئەنجامبدرێن. لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران و سعودیە زۆر نین، بەڵام بەرپرسانی ئێران خواستیان دەربڕیوە بۆ زیادکردنی ئەم قەبارەیە بۆ یەک ملیار دۆلار لە ساڵێکدا. ئاماری ژووری بازرگانی ئێران نیشان دەدات کە هەناردەی کۆماری ئیسلامی بۆ عەرەبستان لە ساڵی ڕابردوودا تەنانەت نەگەیشتوەتە نیو ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ساڵی 2013 و پێش هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران نزیک بە 160 میلیۆن دۆلار بووە. بلومبێرگ دەنووسێت سعودیە پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ ئەمەریکا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بە گرنگ دەزانێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرنامەکانی بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و بۆ ئەم مەبەستەش سەرەڕای دژایەتیکردنی حەماس و حزبوڵا، ڕێبازێکی ڕەخنەگرانەی هەیە بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان و هێرشەکەی ئەم دواییە ئیسرائیلیشی بۆ سەر ئێران سەرکۆنە کرد.   سەرچاوە/بلومبێرگ/ڕدیۆ فەردا