لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن تورکیا لەپشت هێرشی چەکدارانی تەحریری شامە و دەیهەوێت هێرش بکاتە سەر ناوچە کوردییەکان
2024-11-30 23:35:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وتەبێژی فەرمی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کەمال عاکێف لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سوریا و بەتایبەتی دۆخی حەلەب و گوندەکانی دەورووبەری ڕایگەیاند "ئە گۆڕانکارییانەی لە حەلەب و ناوچەکانی ڕوودەدەن، گۆرانکارییەکی خێران." عاکێف بە ئاماژەدان بە هەڵوێستی بەردەوامی ئیدارەی خۆسەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ڕووی پەیوەندیکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دەڵێت "ئێمە هەمیشە جەخت لەسەر ئاشتی دەکەینەوە و خواستمان ئەوەیە هەوڵبدەین لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نەچینە ناو ململانێ و شەڕەوە." لە درێژەی قسەکانیدا وتەبێژی فەرمی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری ڕایگەیاند کە ڕۆڵی ئەوان هەوڵدانە بۆ پاراستنی خەڵک و وتی "ڕۆڵی ئێمە لە سوریا بنەڕەتی و گرنگە و دەمانەوێت بوونی خۆمان لەسەر بنەمای بەرگریکردن لە خۆمان دامەزرێنین." لە لایەکی دیکەوە پارتە کوردییەکانی سوریا پێیان وایە تورکیا لە پشتی چەکدرانی تەحریری شامەوەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەستیان بەسەر حەلەبدا گرتووە. محەممەد موسا سکرتێری پارتی چەپی کورد لە سوریا دەڵێت تورکیا دوای شکستی هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا، پلانەکانی خۆی گۆڕی بۆ دروستکردنی ئەم شەڕە. محەمەد موسا وتی "تورکیا گوشار دەخاتە سەر ڕژێمی ئەسەد بۆ ئەوەی ناچاری بکات بیهێنێتە سەر مێزی وتووێژ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان." لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە لایەنەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر باوەڕیان بەوە هەیە کە شەڕی سوریا دەچێتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە. مستەفا مێشایخ، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی ئەلوەحد دەڵێت، پێویستە بزووتنەوەکانی کورد یەکگرتوو بن و و گەلی کورد بپارێزن. مێشایخ وتی "تورکیا هەوڵ دەدات هێرشێکی زەمینی بۆ سەر ناوچەی کوردەکان ئەنجام بدات." تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، شەڕ و ململانێکان بەردەوامە، کوردەکانی سوریا جەخت لەسەر پاراستنی ناوچەکە و گەلی کورد لە سوریا دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆیان دەکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. لە لایەکی دیکەوە پێشهاتە مەیدانییەکان لە حەلەب و لادێکانی بەردەوامن. بە هەمان شێوە ئۆپراسیۆنی تەحریری شام لە لادێکانی باشووری ئیدلب تا دێت زیاتر پەرەدەسێنیت. بەگوێرەی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان، هێزەکانی تەحریری شام لە شارۆچکەی خان شێخونە لە باشووری ئیدلب شەڕێکی قورسیان لەگەڵ سوپای سوریا دەستپێکردووە و هەندێک زانیاریش باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی حکومەت هەڵاتوون و تەحریری شام ئەو شارۆچکەیەی کۆنتڕۆڵکردووە. هەروەها سەرچاوەکانی کەناڵی سکای نیوز لە هەرێمەکەوە باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی تەحریری شام 15 کیلۆمەتر لە شاری حەماوە دوورن.