هەواڵی کوردستان ئێستا

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ئەمەریکایی کە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کورد دەکرد

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ئەمەریکایی کە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کورد دەکرد
کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ئەمەریکایی کە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و مافی کورد دەکرد

2024-12-03 00:55:59 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


مۆرتن ئابرامۆیتز Morton Abramowitz، کە داکۆکیکارێکی مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان و بە تایبەتی گەلی کورد بوو، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 29 ی مانگی یازدەی 2024 لە تەمەنی 91 ساڵی لە ماڵەکەی خۆی لە واشنتنی پایتەخت کۆچی دوایی کرد. ئەم کەسایەتییە ئەمەریکاییە جگە لەوەی نووسەر و ڕووناکبیر و داکۆکیکاری مافەکان بوو، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش کاری کردبوو. لە سەردەمی سەرۆک جێمی کارتەر باڵیۆز بووە بۆ تایلاند و لە سەردەمی جۆرج بوشی باوکدا باڵیۆزی ئەمەریکا بوو بۆ تورکیا. لە وتووێژێکدا کە لەگەڵیدا کرابوو لە ساڵی 2007، ، مۆرتن ئابرامۆوتز باس لەوە دەکات لەو کاتەی باڵیۆز بووە لە تورکیا چۆن لە ساڵی 1991 ڕۆڵی هەبووە لەوەی حکومەتی ئەمەریکا تورکیای قایل کردووە بەوەی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردی هەرێمی کوردستانی عێراق دابنرێت و ئەو بە ملیۆنان کوردەی ئاوارە و دەربەدەربووبوون هاوکاتی کۆڕەوەکەی پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 کە ڕوویان لە هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران کردبوو، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. ئابرامۆیتز، ڕۆڵێکی گەورەیشی گێڕاوە بۆ قایلکردنی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەو هەرێمی دژە فڕینە و لەو وتووێژەیدا دەڵێت "لەو سەردەمەدا تورگوت ئۆزال سەرۆکی تورکیا بووە و قایلکردنی ئەو ئاسانترێک بووە لە سەرکردەکانی لەشکر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تورگوت ئۆزال توانیویەتی هێندەی پێویست دەنگی پشتیوانی بۆ بڕیارەکە کۆبکاتەوە." ئەم دیپلۆماتە خاوەن ئەزمونە، نووسینی شیکاری لەسەر بابەتە سیاسیەکانی جیهان هەیە، لەوانە پرسی کورد و لە بەشی زۆریشیدا داوای لە بەڕێوەبەرایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمەریکا دەکرد گەلی کورد پشتگوێ نەخەن. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە باشیش ئاگاداربووە لە کێشەکانی ناو ماڵی کورد و هەروەهاش ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی کورددا. مۆرتن ئابرامۆیتز نەک بە تەنیا گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ داوە، بەڵکو هاوسەرەکەیشی شەپی ئابرامۆوتز Sheppie Abramowitz هاوشێوەی خۆی بوو و بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ چالاکانە کاری کردبوو بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئاوارە و پەنابەر و ئەوانەی لە ڕژێمە سەرکوتکەرەکان هەڵهاتبوون لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهاندا، لەوانە ڤێتنام و تایلاند و تورکیا و کۆسۆڤۆ. بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لای خۆیەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵەکەی دەکات، لەوانە مایکڵ ئابرامۆیتزی کوڕی کە لە ئێستادا سەرۆکی دەنگی ئەمەریکایە. سەرچاوەکان/ وتووێژی تۆماس ستێرن لەگەڵ مۆرتن ئابرامۆوتز لە ساڵی 2007، ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز.