هەواڵی کوردستان ئێستا

نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیل و نەخۆشخانەکان دەکات لە سوریادا

نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیل و نەخۆشخانەکان دەکات لە سوریادا
نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیل و نەخۆشخانەکان دەکات لە سوریادا

2024-12-03 19:15:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕۆژی سێشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دەربڕی سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل و سیستمی تەندروستی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، پاش پەرەسەندی شەڕ کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و ئاوارەبوونی دەیان هەزاران کەسی دیکە. ئۆفیسی مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی هێرشە کتوپڕ و خێراکەی یاخیبووە ئیسلامییەکان کە حەلەبی دووهەم گەورەترین شاری سوریایان گرتووە، ئازار و مەینەتیەکانی ملیۆنان خەڵکیان قووڵتر دەکەنەوە کە لە ماوەی چەندین ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریادا بەرگەیان گرتووە. وتەبێژی کۆمسیاری باڵای ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان جێرێمی لۆرێنس لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڤۆڵکەر تورک زۆر نیگەرانە سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان." وتیشی " ئەمە تراژیدیایە، لە کاتێکدا کە زۆرێک لە ئازار و ناڵەدا دەژین لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە نزیکەی 14 ساڵ لەمەوبەر." شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 دا هەڵگیرسا، ئەوەش دوابەدوای سەرکوتکارییەکەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد دژی خۆپیشاندەران. شەڕەکە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئەو گڕ و تینە بەهێزەی نەما دوای ئەوەی ئەسەد بە یارمەتی ڕووسیا و گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵ کردەوە. بەڵام هەفتەی ڕابردوو شەڕەکە دووبارە دەستیپێکردەوە، کاتێک هاوپەیمانییەک لە گروپە چەکدارییە ئیسلامییەکان بە ڕابەرایەتی هەیئەت تەحریر ئەلشام دەستییان کرد بە هێرشەکانییان بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا لە باکووری وڵاتەکەدا. سوپای سوریا و ڕووسیای هاوپەیمانی بە هێرشی ئاسمانی کوشندە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە یاخیبووەکان وەڵامییان داوەتەوە. ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 457 کەس، لە نێویشیاندا 72 هاووڵاتی سڤیل هەبوون. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا نزیکەی 50,000 کەس ماڵەکانییان جێهێشتووە و هەڵاتوون. لۆرێسن وتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان " ژمارەیەک لە ڕووداوی نیگەرانکەری تۆمار کردووە کە تێیاندا هاووڵاتیانی سڤیل بوونەتە قوربانی لە هێرشەکانی هەیئەت تەحریر شام و گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانیدا، بە ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵیشەوە." وتی " توندوتیژییەکان دەبنە هۆی کاولکاری و زیانگەیاندن بە موڵکی هاووڵاتیانی سڤیل، بە ناوەندەکانی تەندروستی و ئەو بینایانەی کە خوێندییان تێدایە و بازاڕەکانی خۆراکیشەوە." هەروەها هۆشداریشیدا وتی " بەشێوەیەکی بەرچاو ناتوانرێت یارمەتی ژیان ڕزگارکەر بگەیەندرێت بەو ناوچانەی کە شەڕییان تێدایە." وتی " نەخۆشخانە و ناوەندەکانی تەندروستی گشتی لە حەلەب گەیشتوونەتە ئەوپەڕی توانای خۆیان و کارمەند و پێداویستییان کەمە." ڕێکخراوی تەندروستی جیهان وتی سیستمە لاوازە تەندروستیییەکە " فشارێکی زۆر گەورەی لەسەرە." سەرچاوە/ فرانس پرێس