هەواڵی کوردستان ئێستا

ئاڵۆزییەکانی سوریا گرفت بۆ یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق دروست دەکات

ئاڵۆزییەکانی سوریا گرفت بۆ یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق دروست دەکات
ئاڵۆزییەکانی سوریا گرفت بۆ یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق دروست دەکات

2024-12-04 16:40:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی کە خواستی هێزە سوننەکانە و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووهەمی بۆ کردووە، لەلایەن هێزە شیعەکانی عێراقەوە لەمپەری بۆ دروست دەکرێت، هۆکاری ئەمەش بۆ ئاڵۆزییەکانی سوریا و ترسی شیعەکان لە ئازادکردنی سزادراوەکان دەگێڕدرێتەوە. ڕۆژی دووشەممە، 2 ی مانگی 12 ی 2024، لەکاتی دەنگداندا لەسەر بڕگە و ماددەکانی یاسای لێبوردنی گشتی پشێوی لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دروستبوو، پەرلەمانتارانی شیعە چوونە سەر ستەیج و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەهەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە تۆمەتبار کرد. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"شیعەکان پێیانوابوو پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی ئەوە نەبووە کەلەسەری ڕێککەوتوون، بەڵکو هەندێک شتی بۆ زیاد کراوە." پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی خواستی سوننەکانی عێراقە، پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی ساڵی 1959 لەلایەن شیعەکانەوە پێشکەشکراوە، کوردیش داکۆکی لە پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش و گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان دەکات. ئەم سێ پرۆژە یاسایە لەلایەن پێکهاتەی کورد و سوننەو شیعەوە ڕێککەوتنی سیاسییان لەبارەوە کراوە، هەرچەندە خوێندنەوەیان بۆ کراوەو دەنگ لەسەر بڕگەو ماددەکانیان دراوە، بەڵام هێشتا کۆی هەر سێ پرۆژە یاساکە لەنێو پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدراوە بۆ ئەوەی ببنە یاسا. سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە کاتی دەنگداندا لەسەر پرۆژە یاسای باری کەسێتی و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعس زۆر گرفت دروست نەبوو، بەڵام کاتێک دەنگ لەسەر بڕگەو ماددەکانی یاسای لێبوردنی گشتی درا کێشەو هەڵا سەریهەڵدا." دەشڵێت،"هەستکرا شیعەکان بەهۆی بارودۆخی سوریاوە دەترسان و پەشیمان بوون لە یاسای لێبوردنی گشتی، بۆیە چوونە سەر ستەیج و هەوڵیاندا دانیشتنەکە ڕابگرن بە بیانووی ناتەواوی نیسابەوە. سوننەکانیش فشاریان لەسەر سەرۆکی پەرلەمان چڕتر کردبوویەوە بۆ دەنگدان لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی." بەپێی وتەی سەرچاوەکە، بەجۆرێک فشار خرابووە سەر سەرۆکی پەرلەمان پەسەندکردنی بڕگەو ماددەکانی یاسای لێبوردنی گشتی ڕادەگەیاند، بێ ئەوەی سەری بەرز بکاتەوەو ئەو پەرلەمانتارانە بژمێرێت کە دەنگ بۆ بڕگەو ماددەکانی یاساکە دەدەن. بەپێی پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی کە خواستی هێزە سوننەکانە، هەزاران ڕاگیراو و حوکمدراو کە زۆربەیان تۆمەتبارن بە تیرۆر بڕیاری لێبوردن دەیانگرێتەوە، جگە لەوانەی کە بەڵگەی یەکلایی کەرەوەیان لەسەرەو ئەندامانی رێکخراوە تیرۆرستییەکانن. لەمپەر دروستکردنی هێزە شیعەکانی عێراق بۆ یاسای لێبوردنی گشتی لەکاتێکدایە، ئاڵۆزی سوریای گرتووەتەوە بەهۆی شەڕی نێوان رژێمی سوریاو گروپە چەکدارە توندڕەوەکان، ئەمەش وایکردووە عێراق لە گواستنەوەی ئەو ئاڵۆزییانە بۆ نێو وڵاتەکەی بترسێت. دکتۆر میعراج حەدیدی، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سوننە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یاسای لێبوردنی گشتی دەستگیرکراوەکانی عەرەبی سوننە دەگرێتەوەو پێناچێت بارودۆخی سوریا کاریگەری هەبێت لەسەر پەسەندکردنی کۆی پرۆژە یاساکە." ئەو دەڵێت،"سەروەری عێراق پارێزراوەو گرێدراو نییە بە دۆخی سوریاوە، چونکە عێراق سنورەکانی کۆنترۆڵ کردووە بۆ ڕێگەگرتن لە دەستوەردانی هەر لایەنێکی سوری." داواکاری بەردەوامی هێزە سوننەکانی عێراق ئازادکردنی ئەو هەزاران تۆمەتبارەیە کە لەسەردەمی شەڕی داعش دا دەستگیرکراون، تەنانەت بەشێک لە ڕێککەوتنی سوننەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان بوو کە لای دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمن.