هەواڵی کوردستان ئێستا

تورکیا ڕایدەگەیەنێت بەنیازی خێراکردنی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی بەکۆمەڵی پەنابەرانە بۆ حەلەب

تورکیا ڕایدەگەیەنێت بەنیازی خێراکردنی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی بەکۆمەڵی پەنابەرانە بۆ حەلەب
تورکیا ڕایدەگەیەنێت بەنیازی خێراکردنی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی بەکۆمەڵی پەنابەرانە بۆ حەلەب

2024-12-04 23:10:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


تورکیا ڕۆژی چوارشەممە،4ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند ئەگەر چەکدارانی نەیاری ئەسەد لەشاری حەلەب پێگەی خۆیان بەتەواوی بچەسپێنن، ئەوا پێشبینی دەکات پڕۆسەی گەڕاندنەوەی زۆرێک لەو سێ ملیۆن پەنابەرەی خەڵکی سوریا کە ئێستا لەو وڵاتە دەژین، خێراتر بکات. لەگەڵ ئەوەشدا وەزیرێکی حکومەتی تورکیا هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە هێشتا کاتێکی گونجاو نەبێت بۆ گواستنەوەی پەنابەران بۆ حەلەب. عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند "دەزانین ئەوانەی خەڵکی حەلەبن، زۆریان شارەکەیان خۆشدەوێت و ئێمە چاومان پێیان کەتووە و لەڕادەبەدەر ئارەزوو و حەزیان بۆ گەڕانەوە و بینینی شارەکە هەیە." یێرلیکایا گوتیشی "بەڵام بۆ ئەوانەی دەڵێن ئێستا ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە ئێمە دەڵێین چاوەڕوان بن، بۆ ئێستا پارێزراو نییە". ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە 42%ی خەڵکی سوریا کە دەکاتە یەک ملیۆن و 250 هەزار کەس کە ئێستا لە تورکیا دەژین، خەڵکی ناوچەی حەلەبن و گوتی "هەموو کەسێک هیوا دەخوازێت هەر کە ئاشتی و ئاسایش بەرقەرار بوو، بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی". دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو چەکدارەکان دەستیان بەسەر شاری حەلەبدا گرت کە دووەم شاری سوریایە کە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ شەڕدا هەرگیز لە ژێر دەستی حکومەت دەرنەچووبو، بابەتی گەڕانەوەی پەنابەران لە تورکیا بووەتە بابەتێکی گەرم و گوڕی میدیا و ناو خەڵک و حکومەتیش. نزیکەی 880 هەزار سووریایی پەنایان بۆ پارێزگاکانی غازی عەنتەب، ڕحا و خەتای تورکیا بردووە کە هاوسنوورن لەگەڵ سوریا. بەپێی ئامارە فەرمییەکان 500 هەزار کەسی دیکە لە ئەستەنبوڵ نیشتەجێن. تورکیا کە سوپاکەی ناوچەکانی باکوری سوریای بەبیانووی شەڕ لەگەڵ هێزە کوردەکان داگیر کردووە، دەڵێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 110 هەزار سووریایی گەڕاونەتەوە. بەڵام شارەزایان پێشبینی ئەوە ناکەن شەپۆلێکی گەورەی گەڕانەوەی پەنابەران بێتە ئاراوە، چونکە بەشێک لەو پەنابەرانە زیاتر لە دە ساڵیان لە تورکیا بەسەر بردووە و نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزاریان منداڵی خوار تەمەنی یاسایین کە زۆربەیان هەموو خوێندنیان لە تورکیا بووە. یەکێک لە کارمەندانی ڕیکخراوە مرۆییەکان لە تورکیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "زستانە و بۆیە خەڵک نایانەوێت لە سێ چوار مانگی داهاتوودا بگەڕێنەوە بۆ ماڵە وێرانبووەکان و لەوەش زیاتر، بۆ سیستەمی پەروەردە و تەندروستی وێرانبوو." ئەو کارمەندەی بەشی فریاگوزاریی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی خێرایی گەڕانەوەی خەڵک بەرەو ماڵەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەندە بە خێرایی چەکدارانی نەیاری ئەسەد لە سوریا و ئەوەی کە تا چەند دەتوانن دەستکەوتەکانیان لەو وڵاتە بچەسپێنن. سەرچاوە/فرانس پرێس